داستان مەعروف: ژنانی ئێزیدی خاوەن کەلتوری خۆیانن و وازی لێناهێنن
14:56
ژنها
سلێمانی – چالاکوانێکی بواری ژنان ڕادەگەیەنێت، هۆکاری مانەوەی ژنانی ئێزیدی لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش بێدەنگی لایەنە نێونەتەوەیەکان و ڕای گشتی جیهانە.
ئەمڕۆ ٣ / ی ئاب ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی شەنگالە، دوو ساڵ لەمەو بەر چەتەکانی داعش لە هێرشێکی دڕندانەدا بە هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی کۆمەڵکوژ کران و ژنانی ئێزیدی بە دیل گیران، تا ئێستاش زیاتر لە دوو هەزار ژنی ئێزیدی لە دەستی چەتەکانی داعش دان. داستان مەعروف ڕەسوڵ، چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی رێکخراوی ئازادی کوردستان، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند هۆکاری رزگار نەبوونی ژنانی ئێزیدی لە دەستی چەتەکانی داعش لایەنە نێو نەتەوەییەکانن و تا ئێستا بە جددی هەواڵیان بۆ ئەوە نەداوە.
داستان سەرەتا ئەو کۆمەڵکوژیەی شەرمەزار کرد و وتی: "چەتەکانی داعش هەر نەک تەنیا دژی مرۆڤ و شەنگال بن ئەوان دژی تەواوی جیهانن، دژی تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دژی ژینگەی و تەنانەت ئاژەڵەکانیشن."
داستان مەعروف، ئاماژەی بەوەشدا، کە ئامانجی داعش تەنیا ئێزیدیەکان نین و هەموو گەلی کوردی بە ئامانج گرتوە ناوبراو جەختیشی کردەوە: "کۆمەڵکوژی سەر شەنگال چەند ئامانجێکی هەبوو، هەم لەناو بردنی گەلی کورد، هەمیش لەناوبردنی کەلتوری ئێزیدیەکان و باوەڕیێکی جیاوازی ئایینی ئیسلام کە ئەوانیش خۆیان بە ئیسلام دەزانن. ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستاش ژنانی ئێزیدی لە ژێردەستی چەتەکان دان، هۆکاری ئەوەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژیە بێدەنگە و تا ئێستا هەڵوێستێکی جددی پیشان نەداوە، لە تەواوی جیهان کە ڕووداوێک یان کارەساتێک ڕوودەدات هەموو وڵاتان خاوەنداری لێدەکەن و لێی بەدەنگ دێن. کوردان خۆیان خاوەنی خۆیانن و هیچ کەسێک نابێتە پشت و پەنای."
ناوبراو سەرنجیشی ڕاکێشایە سەر تێکۆشانی ژنانی ئێزیدی لە چیای شەنگال و وتی: :ئەوەی ئێستا جێگەی دڵخۆشی هەموومانە ئێزیدیەکان لەوە تێگەیشتن کە هیچ هێزێک پشتگیریان لێناکات و خۆیان کەوتنە دەستوبرد، ژنانی شەنگال لە چیای و چۆڵ دوور لە هەموو خزمەتگوزایەک و هاوکاریەک، خۆیان بەڕێکخستن کردوە و چەکی شەرەفیان لە شان کردوە، داکۆکی لە خۆیان دەکەن. ئەگەر بەو شێوەی بڕوات کۆمەڵکوژیەکیتر بۆ هەتا هەتایی دووبارە نابێتەوە، چوونکە ئیتر پشت بە هێزی خۆیان دەبەستن و چاویان لە دەستی کەس نیە."
داستان مەعروف چالاکی بواری ژنان لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوە دا کە ژنانی شەنگال خاوەن کەلتوری خۆیانن و بە درێژایی مێژوو ئەو کەلتورەیان پاراستوە، ئێستاش پێشەنگایەتی تێکۆشان و خاوەنداری کردن دەکەن."
(ش ب)