هێزەکانی پاراستنی جەوهەری ژنان ناوی خۆی گۆڕی پاراستنی – ژن
16:11
ژنها
گرکێ لەگێ – هێزەکان پاراستنی جەوهەری- تایبەت بە ژنان، لە کۆنفراسدا بڕیاریاندا لە ژێر ناوی پاراستنی – ژن خۆیان بەڕێکخستن بکەن.
دوێنێ سێشەممە(٢/٨/٢٠١٦) لە شارۆچکەی گرکێ لەگێ سەر بە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری(هەپەجە- ژن) بە بەشداری ٢٥٠ ئەندام بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا هەر یەک لە فۆزا ئەلیوسف ئەندامی مەجلیسی دامەزرێنەری سیستمی فیدرالی ڕۆژئاڤاو باکوری سوریا، هەروەها نوێنەرانی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیک، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هاوکات هێزەکانی YPG/YPJ و هێزەکانی ئاسایشیش ئامادەبوون.
سەرەتای کۆنفرانسەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر کۆمیسیۆنێکی پێنج کەسی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکە هەڵبژێردران.
لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆی بەر فراوان لەسەر کارو خەباتی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری ژنان کرا و هەڵسەنگادنی هەموو دەسکەوتانە کرا کە تا ئێستا وەک هێزی پاراستنی جەوهەری بەدەستهاتوون.
نودا دێرک ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی هەپەجە- ژن، لە کۆنفرانسدا مەتنێکی لە شرۆڤەکانی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر پاراستنی کۆمەڵگە، کە وەک کۆکراوەیەک لە بەرگرینامەکانیدا ئامادەکرابوو خوێندەوە.
پاشان ڕاپۆرتی کاروخەباتەکان خوێندرایەوە، گفتوگۆی لەسەر کرا. پاش گفتوگی تێروتەسەل پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوەخۆ خوێندرایەوە و لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانس پەسند کرا.
هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا ٤٥ کەس وەک ئەندامی ئەنجومەن هەڵبژێردران و ١٣ کەس وەک کۆردیناسیۆن و هاوسەرۆک و جێگرانی هاوسەرۆک هەڵبژێردران. هاوکات لە کۆنفرانس بڕیار درا ناوی هێزەکانی پاراستنی ژن(هەپەجە – ژن) بگۆردرێت بۆ "پاراستنی –ژن".
کۆنفرانس بە گرتنی چەندین بڕیاری گرنگ کۆتایی هات و هاوکات لە کۆتایشدا لە بەردەم هۆڵی کۆنفرانس بە خوێندەوەی بەیاننامەیەک گۆشەگیری سەر ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا.
(ش ب)