سلێمانی، بەڕێوەچوونی مەراسیمێکی جەماوەری بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال
09:59
ژنها
سلێمانی - دەستەی پشتگیری ژنانی سلێمانی لە ئەنجومەنی ژنانی شەنگال، لە مەراسیمێکی جەماوەریدا بۆ بیرهێنانەوەی یادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا زنجیرە چالاکیەکیان ئەنجامدا.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە (٣/٨/٢٠١٦) دەستەی پشتگیری ژنانی لە ئەنجومەنی ژنانی شەنگال زنجیرە چالاکیەکیان ئەنجامدا. بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، ڕێکخراو، پەرلەمانتاران و کەسایەتیە دیارەکان و بە وتنەوەی چەند دروشمێک دەستیان بە مەراسیمەکەدا.
لە مەراسیمەکەدا چەند بەیاننامەک و سێ یاداشتنامە خوێندرانەوە لەلایەن ژنانی دەستەی پشتگیری لە ئەنجومەنی ژنانی شەنگال و پەرلەمانتاران.
سەرەتا کابان شەعبان، ئەندامی دەستەی ئامادەکار، باسی لە ئامانجی دروستبوونی دەستەی پشتگری ژنانی سلێمانی لە ژنانی شەنگال و ئەنجامدانی چالاکیەکەیان کرد.
لە مەراسیمەکەدا سێ یاداشتنامە لەلایەن دەستەی پشتگیری ژنانی سلێمانی بۆ ژنانی شەنگال ئامادەکرابوون، خوێندرانەوە.
یەکێک لەوانە بەیاننامەی دەستەکە بوو بە بۆنەی ئەو ڕۆژەوە و لەلایەن بێریڤان محەمەد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی ئازادی ژنانی کورستان(رەژاک) خوێندرایەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ھێرشی تاریک پەرستانی داعش بۆسەر شەنگال وەک جێگەیەکی ھەرە پیرۆزی کوردان، خەڵکی شەنگال ڕووبەڕووی دژوارترین و تراژیدیاترین کۆمەڵکوژی بوونەوە کەلەمێژووی مرۆڤایەتی کەم وێنەیە، لەگەڵ ئەوەی دەیان ھەزار مرۆڤ ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کرانەوە، ئێزدیەکان بۆ خۆپاراستن ڕوویان کردە چیاکان، بەڵام مەخابن بەھۆی گەرما و بەهانا نەچوونی دام و دەزگای پەیوەندیدار لەبەر بێ ئاو و خۆراکی دەیان کەس لەتینوی و برسا گیانیان لەدەستدا.
هاوکات لە بەیاننامەکەدا چەندین خاڵ بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دایاری کران کە گرنگترینان ئەمانە بوون و لەناو خاڵەکاندا هاتبوو: بەزووترین کات تاوانباران و ئەوانەی شەنگالیان جێهێشت و بەرگریان لێنەکرد بەبێ شەڕ خستیانە دەست داعش بەشێوەیەکی ئاشکرا دادگایی بکرێن. دەبێت حکومەتی بەغداد و حکومەت و پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێکیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی هێشتا دیلن لە دەستی داعشدا.
هەروەها ڕۆناک محەمەد ئەندامی دەستەکە، یاداشتنامەی بەناوی "تکایە جینۆساید و قرکردنی ئێزیدیەکان ڕاگرن" خوێندەوە کە بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا، دادگای نێودەوڵەتی لاهای، یەکێتی وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی ژنانی عەرەبی کرا. لەو یاداشتنامەیەش ئاماژە بە چەندین خاڵی گرنگ کرابوو.
شیرین تاهر، نوسەر و چالاکوان یاداشتنامەیەک کە بۆ پەرلەمانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامەدەکرابوو خوێندەوە.
دواتریش وتارێک لە لایەن دایکە کۆچەر، ژنێکی ئێزیدیە پێشکەشکراو وتی:"رۆژێکی ڕەشبوو بۆ ئێمەی ئێزیدیەکان کە دەستی ڕەشی داعش ئەو تاوانەی ئەنجامدا و زۆر کەسی لێ شەهید کردین لە منداڵ و ژنان و پیر و گەنج، بە تایبەتی ژنانمان کە ئێستاش لە ژێر دەستی داعشدا ماون".
دواتر مۆم لەلایەن ژنانی ئێزیدی داگیرسا کە هێمای نیشاندانی وەفا بوو بۆ سەرجەم شەهیدانی شەنگال و هۆنراوەیەک لە لایەن گەنجێکی ئێزیدیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
هەر لە مەراسیمەکەدا بانگەوازی بۆ سەرجەم ژنان و هاوڵاتیانی باشوری کوردستان کرا ناوی خۆیان تۆمار بکەن لەو دەستەیەدا و پشتگیری خۆیان بۆ ژنانی شەنگال دەرببڕن. هاوکات داوا کرا ئەوانەی کە دەیانەوێت بەشداری بکەن لە چالاکیەکەی ئەمڕۆ پێنجشمە کە بڕیار وایە ژنان بچنە چیای شەنگال.
لە کۆتاییدا پەڕۆیەکی ڕەش لەلایەن دایکانی ئێزیدی سوتێنرا کە هێمابوو بۆ سوتاندنی ئاڵای داعش و نزیکبونەوەی لەناوچوونی داعش.
(ش ب)