دایکێکی عەرەب بەدەستی خۆی کچ و کوڕەکەی دەباتە ناو ریزەکانی یەپەژە و یەپەگە

10:45

گولان بۆتان /ژنها

تل بەراک – بەدریە عەبدول ناسر، ژنێکی بە ڕەگەز عەرەبە لە دژی زوڵم و ستەمی چەتەکانی داعش کچ و کوڕەکەی بەدەستی خۆی بردۆتە ناو یەپەگە و یەپەژە، بەدریە ڕادەگەیەنێت، ڕۆڵەکانی بۆ ئاییندەی سوریایەکی ئازادی تێدەکۆشن و هەردوکیان هەم بۆ ئازاد بوون هەمیش بۆ ئازادکردن ئامادەن.

لە شارۆچکەی شەدادی سەر بە کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان، ڕۆژ بەڕۆژ یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بەرفراوان تر دەبن. بەتایبەتیش لە پێکهاتەی عەرەب کە زۆرینەی ناوچەکە پێکدێنن، پۆل بە پۆل گەنجان بە کچ و کوڕەوە ڕوو لەناو ڕیزی شەرڤانانی ئازادی دەکەن، یەکێک لەو نمونانەش خوشک و برایەکی عەرەبی گوندی "سەراب"ی سەر بە شەدادن کە دایکیان بەدەستی خۆی بەشداری ناو ڕیزەکانی شەرڤانانی کردوون.

بەدریە دایکی ئەو شەرڤانانەیە و دەڵێت: "کچ و کوڕەکەم بەدەستی خۆم بردن بۆ ناو ڕیزی شەرڤانان، پاشان کوڕە بچکۆڵەکەم لەگەڵ خۆم بردوو چوم بۆ لای شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە."

هەردوو شەرڤان بەیەکەوە بەشداریان لە خولێکی پەروەردەی ٣ مانگی کرد، دایکی شەرڤانەکان، بە جۆش و مەعنەویەتەوە بەشداری لە مەراسیمی دەرچوونی کچ و کوڕەکەی کرد.

بەدریە لە مەراسیمەکەدا وتی: "وەک دایکێک شایەتیم بۆ دڕندەیی و بێ ویژدانی چەتەکانی داعش کرد، ئەوان هیچ سنورێکی مرۆڤبوون ناناسن، دوای ئەوە هێزەکانی یەپەگە و یەپەژەم بینی، دەستی ڕۆڵەکانم گرت و بردمن بۆ لای ئەوان. ئێستا هەردوکیان ئامادەی ئازاد بوون و ئازادکردنن، ئەوەش جێگەی خۆشحاڵی و شانازیە بۆ من، سەرم زۆر بەرزە کە ڕۆڵەکانم بۆ سوریای ئازاد تێدەکۆشن.

پەنابەر شەدادی، کچی بەدریە کە تازە لە خولی شەهید نوژیان لە ئەکادیمیای شەهید خەبات دەرچووە، وتی: "دایکم منی بەشدار کرد، سەرەتا باوەڕم نەبوو ببم بە خاوەن ئیرادەیەک، باوەڕم بەخۆم نەبوو، دوای ئەوەی دەستم بە خولەکە کرد، براکەشم هات ئینجا زیاتر خۆشحاڵ بووم، ئێمە لێرە وەک سوریایەکی بچوکین، لێرە ئازاد دەبین پێدەگەین، تازە تێگەیشتوم دایکم بۆچی ئێمەی هێناوە."

هاوکات دەلیلی کوڕی بەدریە کە تازە خولەکەی تەواو کردوە، لەوبارەیەوە وتی ئامادەم بۆ تێکۆشان لە هەموو بوارێکەوە، من سەرەتا بە هاوکاری دایکم هاتم بۆ ئێرە، هەستێکی زۆر خۆشە لە ماڵی ئێمەدا شۆڕشی ژن پێکهاتوە، هەردووکمان قەرزباری دایکمانین."

(ش ب)