هەڵمەتی ناڕەزایەتی ژنان بەرامبەر قەدەغە کردنی پاسکیل سواری لە مەریوان
13:46
ژنها
ناوەندی هەواڵ - ژنان و چالاکانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رژێم، دژ بە قەدەغەکردنی پاسکیل سواری ژنان لە مەریوان، ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات کەمپینێکیش ڕادەگەیەنرێت.
قەدەغەکردنی پاسکیل سواری ژنان لە مەریوان کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا، لەوچوارچێوەیەدا نزیکەی هەزار و ٤٠٠ چالاکی بواری ژنان و مەدەنی و هاوڵاتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نامەیەکدا بۆ ناوەندە پەیوەندیدارەکانی رژێم، ناڕەزایەتیان دەربڕی.
ئەو نامەیە کە ئاڕاستەی فەرمانداریی مەریوان، شورای تەئمینی پارێزگای سنە و بەرپرسی کاروباری ژنانی سەرۆک کۆماری ئێران، شەهێن مەول ئاوێردی کراوە.
لە نامەی چالاکانی ژن و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بە بەرخۆدانی ژنانی کورد لە بەرامبەر سیاسەتی جیاکاری و بەربەستە یاساییەکان لەبەردەم چالاکانی ژنان کراوە و تیایدا هاتووە: لەکاتێکدا ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی پاراستنی کەش و هەوا و پەرەپێدانی کولتوری پاسکیل سواری بانگەواز دەکەن، لەلایەکی ترەوە لە مەریوان ئاستەنگی بۆ ژنان دروستدەکەن و کەس گوێ بە داخوازیی ژنان و چالاکانی ئەو بوارە نادات.
هەر لە نامەکەدا جەخت لەسەر بەشداریی ژنان لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنیەکاندا کراوەتەوە و داوا لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان کراوە، لەو پەیوەندەدا هەستیار بن و کار بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم ژنان بکەن و هەر چەشنە ئاستەنگێکی وەک رێگری لە پاسکیل سواری ژنان لە مەریوان، نایاسایی و نابەجێ لە قەڵەمدراوە.
چالاکانی ژنان و مەدەنی وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی هەرشێوە رێگرییەک لەبەردەم چالاکانی ژن و قەدەغەکردنی پاسکیل سواری ژنان لە شاری مەریوان، پشتیوانی خۆیان بۆ ژنانی مەریوان دەربڕیوە و روو بە ناوەندە دەوڵەتی و یاساییەکان نووسیویانە: لەجیاتی ئەوەی رێگە لە پاسکیل سواری ژنان بگرن، باشترە کار بۆ نەهێشتنی توندوتیژی سەر ژنان بکرێت.
دەقی نامەکە وناوی واژۆکەران کە بەدەستی هەواڵنێری هێرانا گەیشتووە، بەشێک لە نامەکە بڵاو دەکەینەوە:
ساڵانێکە ژنانی کورد لەبەرتەوژمی هەڵاواردنی باو و یاساییدا ئازار دەچێژن، لەناوبەری شاڵاوەکانی ناهاوسەنگی و بندەستیدا پەلیا کوتاو بۆئەوەی واتایەکی دیکە ببیننەوە بۆ مافی ژینێکی دوور لە کۆیلایەتی.
بەگوێرەی هەندێک لەهەواڵە نافەرمییەکان باس لەحوکمی دادستانی دەکەن وهەندێکی دیکە لەهەواڵەکان باس لەوە دەکەن کەبڕیاری ئەمدەسپێشخەرییە بان یاساییە لەشورای دابین کاری شاری مەریوان کەبەرپرسایەتییەکەی لەئەستۆی قایمقامدایە وەکوو نوێنەری پلەبەرزی حکوومەت لەو شارە بەئەنجام گەیشتووە. ئەمڕۆکە دۆخی نالەباری ژنان لەمەریوان وروژێنەرە وپێویستە کەحکوومەت وڕێخراوە مەدەنییەکانن بەمەبەستی نەهێشتنی توندوتیژی و پەرەپێدانی ژنان تێبکۆشن، بەڵام وەک دەبینین بەربەست دانان لەبەرانبەر هەوڵ وچالاکی ژنان دادەنرێ ودۆخێکی نەگونجاو بەمەبەستی لاوازکردنی مافی ژنان وتوندوتیژی دەروونی چەندد قات دەبێتەوە.ئێمە واژۆکەرانی ئەم ڕاگەیەندراوە وێڕای پشتیوانی لەمافی پاسکێل سواری ژنان لەمەریوان لەم بڕوایەداین کە چالاکی لەشوێنە گشتییەکان ،لەسەرپڕەنسیپە یاساییەکان،ڕەگەز وهەڵاواردنی ڕەگەزی ناناسێ وبەرچاوناگرێ وئمە مافی هەرکەسێکە بەدەرلە باری ڕەگەزی وجوگرافیای لەچوارچێوە یاساییەکاندا،هەواڵ وچالاکی بەردەوامی هەبێت ونابێ گۆشەنیگاودەستە نادیارە بان یاساییەکان مافە یاسایی وبەرچاوەکان پێشل بکەن.
ئاراستە پرسیارەکەمان لەحکوومەت ونوێنەرانییەتی لەمەریوان؛ ئەم چەشنە بڕیارانەی حکومەت جێی تێڕامانی قوڵ وجیدییە بەچەشنێکە هەڵسووکەوت وسیاسەتەکانی حکوومەت دەخاتە گومانەوە.
ئاخۆ حکوومەت نەتوانە لەوەی پشتیوانی وبەرگری لەمافی بەشداری وکەڵک وەرگرتنی ژنان لەشوێنە گشتییەکان بکات؟
ئاخۆ حکوومەت بەپێچەوانەی دروشمەکانی، لەبەستێن ومژاری بەربەست دانان بۆهەوڵ چالاکی ژنان دەجوڵێتەوە؟
ئاخۆ باش وانییە حکوومەت بەجێی بەربەست دانان لەبەرامبەر هەوڵ وچالاکی ژنان بەبیانو گەلی پڕوپوچ وبێ بنەما،بەئامانجی نەهێشتن وبنکۆڵ کردنی بەربەستەکان،هەنگاوێکی کردەیی لەبەرامبەر بنەبڕکردنی توندوتیژیە بەردەوام ویەک لەدوای یەکەکانی دژبە ژنان هەڵگرێ.
هاوکات ئەو چالاکوانانە کەمپینێکی واژۆ کۆکردنەوەشیان لەو باریەوە ڕاگەیاند و هێشتاش بەردەوامە.
شایانی باسە لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانی رژێمەوە لە دژی ژنان لە شاری مەریوان، دەست بە ئاستەنگی کرا و هێزەکانی رژێم دوێنێ نەیانهێشت ژنان و کچان بەشداریی چالاکیی پاسکیل سواری بن و بڕیاری قەدەغەیان راگەیاند.
پێشنوێژی هەینی رژێم مەلا مستەفا شیرزادی لەو شارەدا فەتوای حەرام کردنی پاسکیل سواری دەرکرد بوو.
(ش ب)