"ڕێگریکردن لە هەڵوێستی نەتەوایەتی ژنان جێگەی پرسیارە"

10:16

ژنها

سلێمانی – ئەندامێکی دەستەی پشتگیری لە ژنانی شەنگال کە دوێنێ لەگەڵ ئەو شاندەی بڕیار بوو بچنە شەنگال بەڵام لەلایەن ئاسایشی (پەدەکە) رێگریان لێکرا، ڕادەگەیەنێت: ڕێگریکردن لە چوونمان بۆ شەنگال جێگەی پرسیارە، چونکە ئێمە بە هەڵوێستێکی نەتەوایەتی و بە شاندێکی مەدەنی چووین بۆ تیمارکردنی برینی گەلەکەمان.

دوای ئەوەی بە مەبەستی پشگیری کردن لە ژنانی شەنگال، دەستەی پشگیری ئەنجومەنی ژنانی سلێمانی بەرەو شەنگال بەڕێکەوتن، ئاسایشی پارتیەوە ڕێگری لێکردن و لە بازگەی "سهێل" ئەوانی گەڕاندەوە.

تارا عەلی مامۆستای زانکۆ و ئەندامی دەستەی پشتگیری ژنانی سلێمانی لە ژنانی شەنگال ڕایگەیاند، لە ساڵیادی جینۆسایدی شەنگالدا وەک دەستەی پشتگیر لە ژنانی شەنگال زنجیرە چالاکیەکمان بەڕێوەبرد، وەک سەردانی کەمپەکانی و چالاکی گردبوونەوە و ڕاگەیاندنی یاداشتنامە، دوێنێش ویستمان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هاوخەمی خۆمان بۆ قوربانیانی ئەو مەرگەساتە دەرببڕین لە کاتژمێر ٠٠:٠٥ی بەیانی لە سلێمانی بەڕێکەوتین بەرەو شەنگال، بەڵام لە دواین خاڵی پشکنین ئێمەیان گەڕاندەوە."

ناوبراو ئاماژەشی بەوە دا کە هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی بچنە شەنگال بەڵام بە بیانوی جۆر بە جۆر بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنەداین، هەرچەند وتمان تانیا شرینیمان پێیە، ڕێکخروای مەدەنین، دەمانەوێت بچینە شەنگال، سەرەتا وتیان موافەقەی ئاسایشتان پێ نیە، بەڵام هەر لەوێ بەرپرسیارێکیان پێی ڕاگەیاندین گەر تەنانەت مۆڵەتی ئاسایش هەبێت ڕێگە نادەین بە هیچ شێوەیەک بچنە شەنگال."

تارا عەلی وتیشی: "ئەو شاندەی ئێمە تا بڵێی مەدەنی بوو و هیچ دروشم و ئاڵایەکی پێنەبوو، ئەو ڕێگریەی لە شاندەکەمان کرا جێگەی پرسیارە، چونکە سەرجەم ئەندامانی شاندەکەمان کەسی بێلایەن و مەدەنی بوون. دەمانەویست تیماری برینەکانی پارچەیەکی وڵاتەکەمان بکەین."

(ش ب)