کچە خوێندکارە سوتاوەکانی پیرانشار بەگەورەبوونی تەمەنیان مەینەتیەکانیان زیاتر دەبێت

12:10

ژنها

ناوەندی هەواڵ - سەعات ٨ بەیانی ڕۆژی چوارشەمەی ٥/١٢/٢٠١٢، ۳۷ کچی خوێندکاری قوتابخانەی سەرەتایی ئاوایی شیناوای سەر بە شاری پیرانشار،بە هۆی ئاگر گرتنی سۆپای نەوتی پۆلی خوێندنەکەیانەوە، توشی سوتان بوون کە ۲۹ کەسیش بە ڕێژەیەکی زۆر سوتابوون و دوو خوێندکاریش بە ناوەکانی "سەیران یەگانە و سارینا ڕەسوڵ زادە" گیانیان لە دەست دا، دواتر پەنجەی دەستی سێ کەسیش بە هۆی سوتانی زۆرە لە نەخۆشخانە بڕیەوە.

ئاگر کەوتنی قوتابخانەکە بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی خوێندنگەکە ڕوی دا، ئەم ڕوداوە لە کاتی سەرۆک کۆماری مەحمودی ئەحمەدی نژاد روی دا کە بانگەشەی بەڕێوەبردنی جیهانی دەکرد بەڵام دەوڵەتەکەی توانای بەڕێوەبردنی قوتابخانەیەکی نەبوو.

خراپتر ئەوەیە بەهۆی کچ بوونیانەوە تەنیا نیوەی بیمەی ژیانیان وەکو قەرەبوو پێدەدرێت.

ئێستا دوای تێپەڕ بوون چوار ساڵ، ئەو کچە بچکۆلانە بونەتە کچانێکی گەورە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی بەرپرسانەوە، شێوەی ڕووخساری پاکی کچانەی خۆیان لە دەستداوە و دەبێ تا کۆتایی ژیان، بە ڕومەتی سوتاو و پێستی چرچ و دڵێکی پڕ لە ئێش ژیان بەسەربەرن.

ئێستاش لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیانەوە توشی گرفتی زیاتر و مەینەتی زیاتر دەبنەوە.

(ش ب)