کەژار، بۆ ئازادی ئۆجالان بانگەوازی سەفەربەری دەکات
12:11
ژنها
ناوەندی هەواڵ – کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لێدوانێک بانگەوازی لە گەنجان، ژنان و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی کرد بکەونە نێو هەڵمەتێکی سەفەربەری بۆ ئازادی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان.
دوای هەوڵی کودەتای سەربازی لە تورکیا گومان و دڵەڕاوەکەی گەلی کورد لەسەر ڕەوشی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان زیاتر دەبێت، لەو باریەوە کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) بە لێدوانێک داوا لە ژنان بە تایبەتی و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە بە ڕۆحی ڕاپەڕینی ماکۆی کاتی دەستگیر کردنی ئۆجالان بکەونە نێو چالاکی تا ئازادی ئۆجالانیش بەردەوامی بە چالاکیەکانیان بدەن.
کەژار ڕادەگەیەنێت: "ماوەی ساڵێکە بە دەستی دەسەرڵاتداری کۆشک لە تورکیا گۆشەگیریەکی توند لەسەر رێبەر ئاپۆ سەپێنراوە، کردەوە فاشیزمانە و دکتاتۆرانەی "ئاکەپە"، رێگەی بەڕووی هەموو جۆرە کودەتا، کۆمەڵکوژی و نەژادکوژیێک کردەوە، لە دواین جاریش لەگەڵ ئەو کودەتا سەربازیەت لە ١٥ی تەمموزدا لە تورکیا ئەنجامدرا، قۆناخێکی نوێی گۆشەگیری سەر ڕێبەرەکەمان دەستی پێکرد. ژیان تەندروستی و ئاسایشی رێبەر ئاپۆ کەوتۆتە ژێر مەترسی."
کەژار جەختیش دەکاتەوە: "لەدوای کودەتای سەربازی گومانەکانی گەلی کورد لەسەر ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ زیادی کردوە و هیچ هەواڵێکی لەسەر نازانرێت. سەرەڕای ئەوەی کەوسوکاری و پارێزەرانی هەوڵی زۆریان داوە، بەڵام تا ئێستا ڕێگەی چاوپێکەوتنیان پێنەدراوە و وەڵامێکی دروستیان نەدراوەتەوە. دەوڵەتی تورکیا هەوڵەکانی گەلەکەمان و ژنانی کورد بە هیچ دانانێت و ئەوەش زۆر دوورە لە جددیەت. هەڵوێستی نابەرپرسیارانە و ناهەستیارانەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە ڕێبەری گەلی کورد زۆر بە ڕاشکاوانە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ژیانی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە ژێر مەترسیەکی گەورە دایە."
هەروەها لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا کۆردیناسیۆنی کەژار ڕادەگەیەنێت: "هەبوون و لەناو چوونی گەلی کورد، هاوکات چارەسەری سەرجەم قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەندە بە فکر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ. بۆیە بەر لەهەر کەس داوا لە ژنان و هەموو گەلی کوردی وڵاتپەروەر دەکەین بە ڕۆحی سەرفەربەری خاوەن هەڵوێستی چالاکگێڕی بن. وەک دەزانرێت زۆرینەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشنەگی ژنان و جەوانان، کاتی بەدیلگیرانی ڕێبەرەکەمان خاوەن هەڵوێستی کوردایەتی سەربەزر و سەرهەڵێدێر بوون. لە هەر شوێنێک گەلەکەمان ڕژایە شەقام و کۆڵانەکان و ئەو پلانگێڕیەیان شەرمەزار کرد، لە ماکو تا کرمانشان لە هەر شوێنێک ڕاپەڕین دەستی پێکرد، هەر شوێنێک کرایە گۆرەپانی بەرخۆدان."
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتایدا دەڵێت: "ئەمڕۆش ڕۆژ ڕۆژی ئەوەیە بە ڕۆحی ئەو کاتە بکەوینە ناو جموجۆڵ و چالاکی، ئازادی گەلی کورد و برایەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئازادی رێبەر ئاپۆ فەراهەم دەبێت، بۆیە بە دڵسۆزیامان بۆ ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدانمان بانگەوازی لە ژنان، دایکانی ئاشتی، گەلی بەشکۆی خۆمان، گەنجانی پێشەنگی شۆڕشی ئازادی، ڕۆشنبیر و ئەکادیمستەکان و هەمووو دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ئازادی و دیموکراسی دەکەین، تا ئەوەی شتێک لە سەر ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ نەزانرێت بەردەوام بن لە چالاکی و ئاگری بەرخۆدان گەش بکەن. دەبێت هەموومان هەستیاری ئەم قۆناغە لەبەرچاو بگرین و بەو بەرپرسیارێتیە بجوڵێینەوە."
(ش ب)