"لە ڕێگەی پەروەردەوە لەڕاستی تێدەگەین"
09:21
ژنها
رمێلان – لە ناوەندی فیکرو ڕامانی ئازادی ستار، خولی پەروەردەیی کە لە ٢٠ تەمموز بەناوی شەهیدانی منبج دەستی پێ کردبوو، بەردەوامە. سەبارەت بە بەڕێوە چوونی خولەکە ئەندامانی بەشدار نرخاندنیان کرد، ژنان وتیان :"ژنی کورد لەبواری سیاسی، ئابوری، سەربازی و چەندین بواری تردا پێشەنگایەتی کردووە. پێویستە ئێمە ژنانی عەرەب دیواری بێدەنگی بشکێنین و بۆ بونیاد نانی کۆمەڵگایەکی ئازاد تێبکۆشین."
لە شارۆچکەی ڕمێلانی سەربە گرکێ لەگێی کانتۆنی جزیرە لە ناوەندی فیکرو ڕامانی ئازادی ستار لە ٢٠ تەمموزدا خولێکی پەروەردەیی بەناوی شەهیدانی منبج بۆ ٢٠ ژنی کانتۆنی جزیرە کە لە ناو ڕێکخراو، کۆمین و ئەنجومەنەکاندا ئەرکدارن بۆ ماوەی ٢٣ ڕۆژ دەستی پی کردبوو. ژنانی ئەندامی خولەکە وتیان "پەروەردە بۆ ژن زۆر گرنگە، بۆ ئاوا کردنی کەسایەتیەکی بەهێز پەروەردە بنەمایە''. ژنێک بەناوی عەفاف حسێن سەبارەت بە پەروەردە وتی :"من لەناو یەکێتی ڕۆشنبیران و دامەزراوەی زماندا ئەرکدارم، ئامانجی من لە بەشدار بوونی ئەم پەروەردەیەدا ئەوەیە کە من خۆم پێش بخەم و بە زانیاری خۆم و هەموو ژنانی تر بتوانین کۆمەڵگایەکی ئازاد بونیاد بنێین. ساڵانێکە ئێمە دەنوسین بەڵام نوسینەکانمان دەشاردرانەوە، ئێمە ئێش و ئازاری ژنان و وڵاتەکەمان دەنوسیەوە، بەڵام هەمیشە دەسەڵاتداران ئەم بابەتەیان دەشاردەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەم کێشانە هەمووی چارەسەر کران، ئیتر ژنان دەتوانن بە ئازادی بۆجوونەکانیان دەربڕن و ئازارو داخوازیەکانیان بێننە زمان."
"ئێمە لەڕێگای پەروەردەوە لەڕاستیەکان تێدەگەین"
عەفاف لە بەردەوامی قسەکانیدا دەستنیشانی کرد کە ئەو زۆر خۆشحاڵە لەم پەروەردەیەو بەم شێوەیە بەردەوام بوو :"ئێمە لە پەروەردەدا وانەکانی مێژووی ژن، مێژووی کوردستان، نەتەوەی دیموکراتیک، ژنۆلۆژی و پاراستنی ڕەوا دەبینین و لەم ڕێگەیەشەوە ڕاستیەکان دەزانین و تێی دەگەین. ئێمەش وەک ژن پێویستە لە ڕێگای ئەم پەروەردانەوە خۆمان پێش بخەین، بە دەنگ و پێنوسەکانمان هەنگاوێکی دیرۆکی بهاوێژین تا ئێمە بتوانین ژنێکی ئازاد و وڵاتێکی ئازاد بونیاد بنێین."
"ئەو وانەیەی زۆرترین کاریگەری لەمن کرد، مێژووی کوردستان بوو"
جەلیلە عەلی، کە ژنێکی عەرەب و ئەندامی پەروەردە بوو بەم شێوەیە پەرەوەردەیی خۆی دەنرخێنێ :"من بە ئامانجی بەهێزکردنی زانیاریەکانم بەشداری پەروەردە بووم، دەمەوێ لەڕێگای ئەم شارەزا بوون و فێربوونەوە کێشەکانی خۆم و کۆمەڵگاکەم چارەسەر بکەم. چەندین وانە لە پەروەردەکەدا وترانەوە بەڵام ئەوەی کە زۆرترین کاریگەری لە من کرد مێژووی کوردستان بوو. چونکە لە مێژوودا زۆر جار مافی کوردان خوراوە، مێژووی دەوڵەمەنی کوردان لەناو براوە. ڕاستە ئێمە لەگەڵ کورد دەژین، بەڵام هەرگیز لەکاتی خوێندنی سەردەمی ڕژێمی سوریادا ڕاستی مێژووی کوردان بۆ ئێمە ئاشکرا نەکراوە. لەم پەروەردەیەدا زۆر شتی شاراوە ئاشکرا بوون. ئیتر ئێمە دەزانین کورد خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە."
"پێویستە ژنانی عەرەبیش دیواری بێ دەنگی بشکێنن"
جەلیلە باسی ڕاستینەی ژنی کوردی کرد کە لە پەروەردەکەدا ڕونکراوەتەوەو وتی :"تێکۆشانی سەدان ساڵەی ژنی کورد نمونەی مێژووی کوردە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە شاردرابووەوە. ژنی کورد لەبوارەکانی سیاسی، ئابوری، سەربازی و چەندین بواری تردا پێشەنگایەتی کردووە، پێویستە ئێمەش وەک ژنانی عەرەب ئیتر دیواری بێ دەنگی بشکێنین و بۆ بونیاد نانی کۆمەڵگایەکی ئازاد تێبکۆشین. دەبێ ئەو ستەم و زۆرەی کەلەسەر ژنی عەرەب هەیە بە فیکرێکی ئازاد کۆتایی پێ بێت. ئەو شۆڕشەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوا بە ناوی ژنەوە ناسراوە، دەبێ تا کۆتایی ژنان خاوەنداری لێ بکەن."
(ش ب)