ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان پشتگیری کەمپینی ئازادی ئۆجالانیان کرد
09:35
ژنها
سلێمانی - لە بەردەوامی کەمپینی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، کە لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە دەستی پێکردوە ژنان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەڵمەتە دەربڕی.
دوێنێ سەرلە بەیانی شاندێکی کۆنگرەی ستار کە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئازادی رێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان لە باشوری کوردستان بەردەوام دەکەن، سەردانی ژنانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە شاری سلێمانی.
شاندەکە لە مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن ژنانەوە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا.
لە سەردانەکەدا سەرەتا جیهان خەلیل نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان، قسەی کرد و ئاماژەی بە ئامانجی کەمپینەکەیان کرد، هاوکات سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی ئۆجالان لە گرتوخانەی تاکەکەسی ئیمڕاڵی کە زیاتر لە ساڵێک و نیوە هیچ هەواڵێک لە سەر ڕەوش و تەندوستی نازانرێت.
جیهان وتی: "دەمانەوێت بە ڕێگەی ئەو هەڵمەتەمان فشار بخەینە سەر دەوڵەتە زلهێز و ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی بۆ ئەوەی بە هۆشیاریەوە لە ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان بڕوانن و هەرچی زووە ئازاد بکرێ. بەتایبەتیش فشار دەخەینە سەر رێکخراوی بەرگەگرتنی ئەشکەنجە(سی پی تی."
دواتر گوڵستان سەعید ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان فۆڕمی کۆنگرەی ستار کە سەبارەت بە هەڵمەتەکە نوسراوە، بۆ ئەندامانی خوێندەوە و بە گشتی ژنان فۆرمەکەیان واژۆ کرد.
گولستان سەعید لەسەر ناوی ژنانی جڤاتی گۆران بەخێر هاتنی شاندی کۆنگرەی ستاری کرد، هاوکات دەستخۆشی لەو هەڵمەتەی ژنان کرد و ئەو هەنگاوەی بە کارێگی گرنگ وەسف کرد.
جێگەی ئاماژەیە کۆنگرەی ستار کەمپینی واژۆ کۆکردنەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردبوو بۆ ئازادی ئۆجالان و لە ٣١ی مانگی ڕابردووش ئەو کەمپینەی لە باشوری کوردستان بە سەردان کردنی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، لە باشوری کوردستان دەستی پێکردوە.
(ش ب)