هێرشی ئاسایشی سلێمانی بۆ سەر خۆپیشاندەران چەندین برینداری لێکەوتەوە

10:23

ژنها

سلێمانی - ئێوارەی دوێنێ بڕیاربوو لە شاری سلێمانی دژی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت، بەڵام بە بێ هیچ بیانوێک، لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە پەلاماری خۆپیشاندەران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دراو جگە لە برینداربوونی چەند خۆپیشاندەرێک، ڕۆژنامەنوسێکیش بریندارکراو کامێراکەی شکێندرا، دوو ڕۆژنامەوانیش دەستبەسەر کران.

دوای سێ جار هێرشی پۆلیس و ئاسایش بۆ سەر خۆپیشاندەران، بەرخۆدانی بەردەوام بوو تا ئازادکردنی خۆپیشاندەر و ڕۆژنامەوانان و پاشان شیلان شاکر هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بە لێدوانێک سەرکەوتنی چالاکی و ئازادبوونی هەڤاڵانی ڕایگەیاند و داوای لە خۆپیشاندەران کرد مەیدانی خۆپیشاندان چۆڵ بکەن.

شیلان شاکر وێڕای ئیدانە کردنی ئەو هەڵوێستەی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی بڕیاری بەردەوام بوونی چالاکی و سوربوونی لەسەر خەبات و تێکۆشان لە ڕێگەی ئازادی دا.

جێگەی ئاماژەیە ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان چالاکوانان و گەنجانی خۆپیشاندەر بە کارەبا و داری پۆلیس بریندار بوون.

هاوکات لەناو خۆپیشاندانەکە وێنەکانی ئۆجالان و ئاڵاکانی کەجەکەش لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی لە دەستی خۆپیشاندەران دەردەهێنران و و دڕێندران ئەمەش کاردانەوەی توندی خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە.

خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند کە ئەو گازەی ئەمڕۆ بەکار هێنراوە جیاواز بووە و کاریگەری زۆرتر بووە لە ئەوەی چەند جارێک پێشتریش بەکاریان هێنابوو.
کاتژمێر ٨ ی ئێوارە خۆپشیاندان بە وتنەوەی دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت، بمرێ خیانەت"کۆتایی هات.

(ش ب)