ئەمڕۆ ساڵڕۆژی شەهید بوونی ژنە شەڕڤان و ڕۆژنامەوان دەنیز فوراتە

12:20

ژنها

ناوەندی هەواڵ – لە ساڵڕۆژی شەهید بوونی ژنە شەڕڤان و ڕۆژنامەوان دەنیز فورات، کورتەیەک لە ژیانی ئەو ژنە تێکۆشەرە دەخەیەنە ڕوو.

لەیلا یەڵدزخان ناسراو بە دەنیز فورات لە ١٧/٩/١٩٨٤ لە گوندی خەجێ خاتون لە ناوچەی چاڵدێرانی شاری وان-ی باكوری كوردستان لەدایك بووە لە ساڵی ١٩٩٠ لە گەڵ بنەماڵەکەی بە هۆی گوشاری دەوڵەتی تورکیاوە لە ڕێگەی شاری وانەوە دەچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنەماڵەی دەنیز فورات ناچار بۆ خۆ پاراستن روو لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بکات، پاشانیش بنەماڵەکەی ڕوو لە کامپی پەنابەرانی مەخمور دەکەن.

دەنیز و سێ خوشکەکانی بەناوەکانی(بنەوش، ساریا، و دەنیز) ڕوو لە تێکۆشانی ئازادی دەکەن. خۆشی ناوی یەک لە خوشکەکانی لە خۆی ناوە.

دەنیز دوای ئەوەی دەست بە خەباتی ڕۆژنامەوانی دەکات بۆ هەر یەك لە ئاژانسی فورات نیوزو تەلەفزیۆنی ستێرك‌و مەد نوچەو تەلەفزیۆنی روناهی‌و چەترپرێس کار دەکات.

ئەو تا دواین هەناسەی خۆی لە پێناو پیشەکەی بە جۆشێکی زۆرەوە لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرخۆدانی دابوو لە پێناوە گەیاندنی راستیەکان. دواین ئەرکی دەنیز سەرنوسەری رۆژنامەی رۆژەڤ بوو لە کامپی مەخمور."

شەهید دەنیز تەنیا وەک ڕۆژنامەوانێک کاری نەدەکرد، بەڵکو ئەو کاتێک لە مەخمور بوو لە کۆڵانەکانی ئەو کەمپە لە گەڵ ژنان دادەنیشت و گفتوگۆی دەکرد هاوکات گرنگی تایبەتیشی دەدا بە پێشخستنی کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکانەوە.

دەنیز فورات چۆن شەهید بوو

دووساڵ لەمەوبەر و دوابەدوای کۆمەڵکوژی شەنگال، چەتەکانی داعش لە پێشڕەوییەکانی خۆیاندا بەردەوام بوون و بە مەبەستی نزیکبوونەوە لە هەولێر بەرەو مەخمور بەرێکەوتن، لەڕۆژی ٦/٨/٢٠١٤ بەشێکی زۆری مەڵبەندی قەزاکە بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆنترۆڵ کرا و دواتر لەلایەن ھێزەکانی گەریلا و دژە تیرۆرەوە ڕزگار کرایەوە.

دەنیز فورات ڕۆژنامەوان و لەنزیک کامپەکە هەواڵی بەرخۆدانەکانی دەگەیاند بە هەموو جیهان، بە بوێری و چاونەترسیەوە توانی دەنگ و ڕەنگی ڕاستیەکان بگوازێتەوە.

ڕۆژی ٨/٨/٢٠١٤ لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵی بەرخۆدانی گەریلا بەرامبەر چەكدارانی داعش لە نزیک مەخمور بە بەرکەوتنی پارچەی گولـلە هاوەن شەهید بوو، ئەو یەکەمین شەهیدی شەڕی داعش بوو لە مەخموور.

(ش ب)