رژاک، بە توندی ئیدانەی هێرشی سەر چالاکوانانی سلێمانی دەکات
18:28
ژنها
ناوەندی هەواڵ – لە بەیاننامەیەکدا، رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رەژاک) هێرشی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی بۆ سەر بۆ سەر گردبوونەوەکەی سلێمانی و لێدان و بریندار کردنی رۆژنامەنووس و بەشدارانی چالاکییەکە شەرمەزار کرد.
رەژاک، لە لێدوانەکەیدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرش و بە کارهێنانی توندوتیژی لە بەرامبەر خۆپیشاندەران، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر گرنگی ئەو چالاکیانە بۆ ڕەوشی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان.
رژاک ڕادەگەیەنێت، چۆن لە کاتی پلانگێڕی نێونەتەوەیی سەر بەڕێز ئۆجالان هەندێک لایەنی کوردیش کەوتنە نێو پلانگێڕیەکە، ئەو هەڵوێستەی دوێنێش دووبارە بوونەوەی هەمان هەڵوێست و سیاسەتە، بە هەمان شێوە خزمەتکردنە بە توندکردنی ئەو گۆشەگیریەی لەسەر بەرێز ئۆجالان بەڕێوەدەچێت.
دەقی لێدوانەکە بەو شێوەیەیە:
لە قۆناغێکی وا چارەنوس سازدا، کە گەلی کورد بە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردا تێپەڕ دەبێت، لە هەر کاتێکدا گەلی کورد پێویستی بە یەکگرتن و هاو هەڵوێستی هەیە لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران بۆ سەر گەرلی کورد. وەک هەموومان دەزانین بۆماوەی ١٧ ساڵە بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی تاکەکەسی ئیمڕاڵی ڕادەگیرێت، هەروەها زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لە گۆشەگیریێکی سەختی بەسەر داسەپێنراوە، گەلی کورد هیچ ئاگاداری دۆخی بەڕێزیان نیە و ڕێگەش بە کەسوکاری و پارێزەرانی نادرێت، چاویان بە بەرێز ئۆجالان بکەوێت.
بۆ ئەم مەبەستەش لە باشوری کوردستان هاوشێوەی پارچەکانی تری کوردستان دژ بەو گۆشەگیریە توندکراوە، کەس و لایەنە دیموکراتی خواز و ئاشتی خوازەکان خاوەن هەڵوێستن، وەک هەستێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی ویستیان دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئازادیخوازی لە ئیمڕاڵی و دوێنێش بۆ ئەم مەبەستە لە شاری سلێمانی بە ڕێپێوانێکی هێمنانە چالاکیەک ئەنجامدرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتیش وەرگیرابوو، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی نەیانهێشت ڕێپێوانەکە بە هێمنانە بەڕێوەبچێت و بە شێوازێکی زۆر نائاسایی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران. لە بەرامبەر خۆپیشاندەران گازی فرمێسک ڕێژ، داری کارەبایی و بەکار هێنرا، بە هۆی ئەو هێرشانە کە چەندین جار دووبارە بوونەوە ١٥ کەس بریندار بوون. هاوکات ١٠ کەسیش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کران.
ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئەو هەڵوێستەی هێزە ئەمنیەکانی شاری سلێمانی بە توندی شەرمەزار دەکەین، چونکە ئەو هەڵوێستە دەچێتە پاڵ خزمەتی ناحەزان و داگیرکەران، لە جیاتی ئەوەی هێزە ئەمنیەکان پاراستنی ڕێپێوانەکە بکەن، هێرشیان کردە سەر چالاکوانان. ئێمە لێرەوە ئەگەر هێزەکانی شاری سلێمانی خۆیان بە هێزێکی نەتەوەیی بزانن، ئەوا ئەو هەڵوێستەیان دوورە لە هەستی نەتەوایەتی.
چۆن لە کاتی پلانگێڕی نێونەتەوەیی سەر بەڕێز ئۆجالان هەندێک لایەنی کوردیش کەوتنە نێو پلانگێڕیەکە، ئەو هەڵوێستەی دوێنێش دووبارە بوونەوەی هەمان هەڵوێست و سیاسەتە، بە هەمان شێوە خزمەتکردنە بە توندکردنی ئەو گۆشەگیریەی لەسەر بەرێز ئۆجالان بەڕێوەدەچێت.
ئێمە وەک رێکخراوەی ژنانی ئازادی کوردستان، داوا لە هەموو هێزە ئەمنیەکان دەکەین کە خۆیان دووربگرن لە توندوتیژی ئاژاوەگێڕی بەرامبەر بە هاوڵاتیان، ئازادیخوازان و دیموکراسی خوازان. لە شارێکی وەک سلێمانی کە مەڵبەندی ڕۆشنبیریە، ئەو جۆرە هەڵوێستانە جێگەیان نابێتەوە و مایەی قبوڵکردن نین.
رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان(رژاک)
(ش ب)