هەڵمەتی کۆنگرەی ستار بۆ ئازادی ئۆجالان بەردەوامە

12:54

ژنها

سلێمانی – لە بەردەوامی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەی کۆنگرەی ستار بۆ ئازادی ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان ئەمڕۆش شاندێکی کۆنگرەی ستار سەردانی نوسینگەی پەرڵەمانی کوردستانیان کرد لە شاری سلێمانی.

کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەمە(٩/٨/٢٠١٦) لە بەردەوامی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەی رێکخراو، پارت و کەسایەتیەکان کە لەلایەن نوێنەرایەتی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان دەستی پێکردوە، شاندێکی کۆنگرەی ستار کە پێکهاتبوو لە جیهان خەلیل نوێنەری کۆنگرەی ستار و ئەڤین سوێد وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی نوسینگەی پەرلەمانیان کرد لە شاری سلێمانی.

شاندەکە لەلایەن پەڕلەمانتاران، گەشە دارا، مونیرە عوسمان، تەلار لەتیف، عەبدولرحمان عەلی رەزا و د.شێرکۆ محەمەد ئەمین پێشوازیان لێکرا.

پەرلەمانتاران وێڕای دەستخۆشی کردن لێیان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو هەڵمەتە دەربڕی کە لەلایەن کۆنگرەی ستار دەستی پێکردوە. ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران بۆ ئازادی ڕێبەری پەکەکە واژۆی ئەو فۆرمەیان کرد کە لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە ئامادەکراوە.

جێگەی ئاماژەیە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەی کۆنگرەی ستار ماوەیەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردبوو، هەروەها لە ٣١ی مانگی ڕابردوو ئەم هەڵمەتە لەلایەن نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان دەستی پێکردوە.

وەک پێشتریش جیهان خەلیل نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان رایگەیاندبوو کە ئامانج لەو هەڵمەتە سەرنج ڕاکێشانە سەر دۆخی ڕێبەری پەکەکە لە گرتوخانەی تاکەکەسی ئیمراڵی کەماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هیچ زانیاریەکی لەبارەوە نازانرێت.

(ش ب)