سێ خوشکی عەرەب لە منبج بەشداری 'یەپەژە' دەبن

13:23

گوڵان بۆتان / ژنها

قامیشلۆ – پێنج ژنی گەنجی شاری منبج دوای ئەوەی لە زوڵمی چەتەکانی داعش رزگاریان بووە بەشداری ناو ریزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە بوون، کە سێیان خوشکی یەکترین.

هەڵمەتی ڕزگار کردنی شاری منبج لە ٦٩ هەمین ڕۆژی خۆی بەردەوامە، ئەو ژنانەی لە ئەقڵیەتی سەردەست و پیاوسالاریانەی داعش ڕزگاریان دەبێت پەیوەندی بەشەرڤانای یەکیەنەکانی پاراستنی ژنانەوە دەکەن. ژنان ڕادەگەیەنن ئەوان دژ بە چەتە دڕندەکانی داعش بۆ بەرگری کردن لە خاکی خۆیان و بۆ ئازادی خۆیان چەکیان هەڵگرتوە.

دوو خوشک لە پێکهاتەی عەرەبی منبج دژ بە چەتەکانی داعش بەشداری دەکەن لەناو ریزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان(یەپەژە)، دوای ١٧ ڕۆژ خوشکێکیتریشیان بەناوی هێڤی منبج خۆی دەگەیەنێتە خوشکەکانی. ئێستا هەرسێ خوشک(هێڤی، بەرفین و بەهارین) بەشداریان لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان کردوە.

هێڤی بە خۆشحاڵیەوە وتی: "دەبێت هەموو ژنان پەیوەندی بکەن بە "یەپەژە"، من دوای ١٧ ڕۆژ گەیشتمە خوشکەکانم، زۆر لە دەمێکە دەمویست بێمە ناو یەپەژە و ئێستاش خەونەکەم بەدیهات. بانگەوازیم بۆ ژنانی منبج هەیە با بێن خۆمان بەرگری لە شارەکەمان بکەین."

بەرفین-یش بەو شێوەیە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی: "هەموو جۆرە دڕندەییەکی چەتەکانی داعشمان بەچاوی خۆمان بینی، ئەوان سەر، دەست و قاچ دەبڕنەوە، منیش بانگەوازی لە هەموو خەڵکی منبج و بەتایبەتیش ژنان دەکەم، بێنە ناو یەپەگە و یەپەژە، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدانمان لە عەرد نەمێنێت."

هەروەها گولبەهار منبج ژنێکیترە کە بەشداری کردوە لەناو ریزەکانی شەرڤانانی یەپەژە، گولبەهار بۆخۆی لە پێکهاتەی تورکمانە، ئەویش بۆ ئەوەی بەرگری جەوهەری لە شارەکەیدا پێشبخات پەیوەندی کردوە بە شەرڤانانی یەپەژە.

گولبەهار وتی: "بۆ پاراستنی ژنان و گەلەکەم هاتومەتە ناو یەپەژە، زوڵمی داعشمان بینی، بۆ ئەوەی جارێکیتر نەیبین، خۆمان بووین بە شایەتی زۆر کردەوەی دڕندانەی دوور لە ئەخڵاقی مرۆڤایەتی داعش. هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان ژنانی عەرەب، کورد، تورکمان، دەبێت هەرکەس بۆ پێشخستنی پاراستنی جەوهەری چەک هەڵگرێت."

(ش ب)