دووەمین پێشبڕکێی چیرۆک و هۆنراوەی شەهید دەنیز بەڕێوەچوو
09:23
ژنها
هەولێر - لە وارگەی پەنابەرانی مهخمور بە بەشداری بنەماڵەی شەهید دەنیز فرات و سەدان کەس لە هەموو چین و توێژەکان، پێشبڕکێی چیرۆک و هۆنراوەی شەهید دەنیز فرات کۆتایی بەکارەکانی هێناو پێشبڕکێکە وەک دیارییەک پیشکەشی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری باکوری کوردستان کرا.
ڕۆژنامەنووس و شۆڕشگێڕ دەنیز فرات لە٨-٨-٢٠١٤دا لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعشدا بۆ سەر مەخمور، لەکاتی ڕوماڵی ڕۆژنامەوانیدا شەهیدبوو، بەو بۆنەیەوە یەکێتی خوێندکارانی ئازاد، ئەوە ماوەی دوو ساڵە پێشبڕکێی چیرۆک و هۆنراوەی شەهید دەنیز فرات ڕێکدەخات.
دوای ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێکە پێشبڕکێی چیرۆک و هۆنراوەی شەهید دەنیز فرات دەستی پێکردووە، دوێنێ دواین ڕۆژی پێشبڕکێکە بەوتاری ئوزگور ئامەد ئەندامی کۆردیناسیۆنی یەکێتی خوێندکارانی کوردستان YXA، دەستیپێکردو تێیدا وتی:"ئێمە بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهید ئەمە بوو دووە، جارە ئەم پێشبڕکێیە ئەنجامدەدەین، شەهید دەنیز وەک ڕاگەیەندنکارێکی میدیای ئازاد و هەمیش وەک گەریلایەک خەباتی دەکرد، ئەو دەیتوانی بەرخۆدانی گەریلاکان و دەنگی کورد بگەیەنێت بە جیهان، هەرچەندە لەسەر شەهید قسەبکەین ناتوانین مافی ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانەی شەهید بدەین".
ئوزگور وتیشی:"پێشبڕکێی چیرۆک و هۆنراوەی شەهید دەنیز فرات دەکەنە دیاری بۆ بەرخۆدانی گەلی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری لە باکوری کوردستان، لێرەشدا وەک نوێنەری ئەوان خەڵاتی بەخشراوەتە نوێنەری یەپەسە و یەپەسە ژن، دووبارەش یادی شەهید بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز بۆ تەواوی شەهیدانی ئازادی دادەنوێنین".
دواتر نوێنەری ژووری بەشی کورمانجی – زازاکی، ئیرڤان بابا ئوغلو وتارێکی خوێندەوەو وتی:"من دەرفەتی ناسینی شەهید دەنیزم لە نزیکەوە نەبووە، بەڵام وەک ئەوە وابووە بەساڵان ناسیبێتم، ئەو توانی هێرشی چەتەکانی داعش لە مەخمور بگەیەنێتە جیهان، ئەم پێشبڕکێیە بۆ یادی شەهید جێگای دەستخۆشیەوەو سوپاسی هەموو ئەوکەسانە دەکەین کە لە ئامادەکاری ئەم پێشبڕکێیەدا ڕۆڵیان هەبووە".
پاشان سینەفزیۆنێک لەسەر ژیان و خەباتی گەریلاو ڕۆژنامەنووس دەنیز فرات بۆ ئامادەبووان نمایش کرا.
هەروەها لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری پێشبڕکێکەوە خەڵات بەخشرایە هاوسەرۆسەرۆکی YXA ساڵح تونج.
لە کۆتاییدا خەڵات بەخشرایە چەندین کەس لە بەشداربووانی دووەمین پێشبڕکێی چیرۆک و هۆنراوەی شەهید دەنیز فرات و بەشداران بە گرنگییەوە باسیان لە گرنگی و بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکە کرد.
(ش ب)