ژنانی شەنگال: تێکۆشانمان لە پێناو ئازادی ڕێبەرمانە

14:07

سوهام دەخیل – ئیلهام حاجی / ژنها

شەنگال – ژنانی شەنگال ڕادەگەیەنن، تاوەکو ڕێبەرەکەمان لە لایەنی جەستەییەوە ئازاد نەکرێت واز لە تێکۆشان ناهێنن.

لە ٢٧ی مانگی تەمموزی ٢٠١١وە، تا وەکو ئێستا گۆشەگیریەکی توند لەسەر ڕێبەری پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجالان، بەڕێوەدەچێت، هاوکات لە ٥ی مانگی نیسانی ٢٠١٥وە رێگە بە پارێزەر و کەسوکاری نادرێت چاویان پێی بکەوێت، هەروەها لە دوای هەوڵی کودەتای سەربازی لە تورکیا تا ئێستا باری نائاسایی لە دورگەی ئیمراڵی راگەیاندراوە.

ئەمەش کاردانەوەی توندی گەلی کوردی لە ناوچەکە لێکەوتۆتەوە بەتایبەتیش ژنان لەو دۆخەی ئۆجالان نیگەرانن. ژنانی شەنگال کە ئۆجالان وەک ڕێبەری خۆیان دەبینن، بە توندی نیگەرانی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەوان دژی گۆشەگیری تێدەکۆشن و هەرچیەک بکەوێتە ئەستۆیان جێبەجێی دەکەن.

لەیلا حەسەن، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "چی دەبێت با ببێت، لە پێناو ژیان و بوونی ڕێبەر ئاپۆ لەناو تێکۆشان دادەبین، هیچ شتێک ناتوانێت رێگری ئەوەمان لێبکات کار بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ نەکەین، تا وەکو سەرۆک ئاپۆ ئازاد نەبێت، ئێمەش ئازاد نین و خۆمان بە ئازادی نابینین."

لەیلا وتیشی: "سەرۆک ئاپۆ لە هزر و ئیرادەدا ئازادە، بەڵام ئێمە ئازادی جەستەی ئەومان دەوێت، ئەوانەی بەناو ڕێکخستنی مافی مرۆڤین، باش دەیانناسین، چونکە ئەوان بە کارەکانیان هەڵناستن، ئێمە بۆ ئازادی رێبەرەکامان تێدەکۆشین. هیوای هەموو ژنانی ئێزیدی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە."

هەروەها بەرفێ ئەلیاس ژنێکیتری ئێزیدیە لە چیای شەنگال، لەوباریەوە وتی: "زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هیچ هەواڵێک لە سەرۆک ئاپۆ وە نیە، من وەک ژنێک خاوەنداری لە ڕێبەرەکەم خاک، ئاو و ئازادی خۆم دەکەم. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ژنانی ئێزیدیە، دەمانەوێت بە زووترین کات ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت."

لای خۆشیەوە نەعام خدر، وتی: "کاتی فەرمانی سەر شەنگال جگەلە ئاپۆچیەکان کەسێک بە هانامانەوە نەهات، داواکاری ئێمە ئەوەیە ڕێبەرمان ئازاد بکەن، بە هیچ شێوەیە ناحەقی قبوڵ ناکەین، بەڵام زۆر بەداخەوە کە یاسا و دادپەروەری لە جیهان سەروەر نیە بۆیە کەسێکی وەک ڕێبەر ئاپۆ لەو دۆخە دا دەژیێ. بەر لە هەر شتێک وەک ژنانی ئێزیدی داوا دەکەین ڕێبەری گەلانی بن دەست ئازاد بکرێت."

هاوکات سۆسن عوسمان، هەر سەبارەت بەو مژارە وتی: "زیاتر لە ساڵێک و نیوە لەسەر رەوشی ڕێبەر ئاپۆ هیچ شتێک نازانرێت، بە توندی ئەو هێز و لایەنانە شەرمەزار دەکەین کە گۆشەگیری لەسەر رێبەرەکەمان دەسەپێنن."

(ش ب)