منبج، لە تاریکیەوە بەرەو ڕۆناکی
10:57
ژنها
قامیشلۆ – منبج، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئازادی چوو، ژنانی ئەو دەڤەرە لە هەر کەسێک زیاتر خۆیان بۆ ژیانێکی نوێ ئامادە دەکەن.
شاری منبج دەکەوێتە ٨٠کم باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب و ٦٠کم دووری کانتۆنی کۆبانێیە. ڕووبەرەکەی ٥.١٨٣.٩٩کم٢. و ٣٨٩م لە ئاست دەریا بەرزە. دەکەوێتە نێوان سنوری شاری جەرابلوس(کە بۆتە ناوەندەکانی بڕیارگەی چەتاکانی داعش و هێڵی هاوکاری سەربازی تورکیا بۆ چەتەکانی داعش)، هەروەها یەکێک لە شارەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب.
دەوترێت ٢٠٠٠ ساڵ(پ.ز)ئیمپراتۆریەتی ئاشور شاری منبج-ی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لە بەڵگە مێژووییەکانی ئاشوریەکاندا ناوی منبج وەک(نامپایگ) واتا کانی ناوی هێنراوە. هەروەها لە بەڵگەکانی مێژووی ئەرمەنیەکانەوە شاری منبج بەشێک بووە لە "بەیتولعەدەن" کە کەوتۆتە نێوانی هەردوو ڕووباری فورات و بەلخ. بە درێژایی مێژوو هەموو ئەو دەسەڵاتداریانەی لەو ناوچەیە حوکمرانیان کردوە بە گوێرەی زمانی خۆیان ناوێکیان بۆ ئەو شارە دیار کردوە، گریکەکان پێیان وتوە"بامبیجە"، ڕۆمەکان ناویان ناوە"هایراپۆلیس" واتا واری پیرۆز. لە کاتی بیزەنسیەکاندا وەک بەشێک لە فورات پێناسە کراوە. دەوترێت بە کوردی بەو شارە دەوترێت"مابووک" یان"ماڵی بووک". هەروەها پەرسەکانیش ماوەیەک حوکمڕانیان لەسەر ئەو ناوچەیە کردوە و گرنگیێکی زۆریان پێیداوە.
ناوچەی منبج نزیک ڕووباری فوراتە، هەر بۆیە زۆربەی ئابوری ئەو شارە بەڕێگەی کشتوکاڵی و بازرگانیەوەیە و لە ٧%ی خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت. بێجگەلە دانەوێڵەی وەک گەنم و جۆ، گرنگی زۆریش بە داری زەیتون، پرتەقاڵ و مەندەلیا دەدرێت.
دوای پەرەسەندنی ئیسلامیەت، منبج لەلایەن مامولکیەکان، مەغۆڵەکان و عوسمانیەکانەوە داگیرکراوە. لە سەدەی بیستەم و دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک شارێکی سەربە کۆماری عەرەبی لە سەر نەخشەی سیاسی دەستنیشان دەکرێت.
منبج لە ڕووی کەلتور و باوەڕیەوە خاوەن دەوڵەمەندیەکی تایبەتە. گەلی کورد پێکهاتەیەکی کۆنی ئەو ناوچەیەن، ئێستاش عەرەب، تورکمان، چەرکەز و ئەرمەن دەژین، کە بە ڕەسەن خەڵکی ئەو هەرێمەن. لە دەوروبەری منبج ٥٠٠ گوند هەیە کە دانیشتوانەکانیان عەرەب و کوردن. سەرجەم پێکهاتەکان بەدرێژایی مێژو بەیەکەوە ژیاون بێ ئەوەی کێشەی پێکەوە ژیان و ناکۆکی باوەڕیان بۆ دروست بووبێت. هەروەها لە سەردەمی عوسمانیەکاندا ئەو شارە وەک شارێکی کوردی ناسراوە. بەڵام سیاسەتەکانی کۆماری عەرەبی سوریا کە پێکهاتبوو لە بە عەرەبکردن، ڕێژەیەکی زۆری عەرەبەکانی ناوچەکانی تر لەو شارە نیشتەجێ دەکرێن. ئامانجیش لەو سیاسەتە ئەوە بوو کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو هێڵێکی دیاریکراو داو لە ناو سنورێکی تەنگدا بهێڵنەوە. بێگومان وەک بە درێژایی مێژووش سەلمێندراوە گەلان هەمیشە ویستی بەیەکەوە ژیانیان هەبووە بۆیە ئەو سیاسەتەی کۆماری سوریا ئەنجامگر نەبوو.
شەڕی ناوەخۆی سوریا و کاریگەری لەسەر منبج
لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢دا، هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا ئەو شارەیان کۆنتڕۆڵ کرد. هەروەها لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٣دا چەتەکانی داعش دەستیان بە هێرشێکی بەرفران کرد بۆ سەر ئەو شارە و لە ئەنجامدا لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ شارەکەیان داگیرکرد. دوای ئەوەی خۆیان بەجێ کرد لە منبج ناوەندی ئەو شارەیان وەک ناوەندێکی گرنگی سەربازیان بەکار هێنا، لەوێشەوە هێرشیان کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ و هەرێمەکانیتر.
ئەوە سێ ساڵە بۆ هاوڵاتیانی منبج، ساڵانێکی تاریک، پڕبوو لە کوشتار ئەشەکەنجە و خوێنڕشتن. زۆربەی ئەوانەی ملکەچی زوڵمی چەتەکان نەبوون کوژران، ئەوانەی یاساکانیان جێبەجێ نەکرد لە ناوەڕاستی شار لە سێدارە دران، یان بە دڕندەترین شێوە ئەشکەنجە کران. زۆربەی کوردانی ئەو شارەیان دووچاری کۆچبەری کرد، بەڵام ژیانی گەلانی تریش ئاسایی نەبوو.
دەستپێکردنی هەڵمەتی ئازادکردنی منبج
لە ٥ی مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە ناوچەی سرین سەر بە کانتۆنی جزیرە ئەنجومەنی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرایەتی منبج لە ٤٣ کەس دامەزرێنرا، سەرجەم ئەندامانیشی پێکهاتەکانی منبج بوون.هەروەها لە ٢ی مانگی نیساندا ئەنجومەنی سەربازی بە بەشداری بوونی کەتیبەی "شەمس ئەل شیمال، ئەل ویەتلفورات، سوار منبج، کەتیبەی تورکمانانی منبج، لەگەڵ پێکهێنانی کەتیبەکانی شەهیدانی فورات، لیوای جندل حەرەمێن و لیوای ئەل قەوسی"، ڕاگەیاندرا. ئامانجی ئەم ئەنجومەنەش ئازادکردنی شاری منبج و هەموو ئەو شوێنانە بوو کە لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش دان.
لە ١ی مانگی حوزەیران لە سەر بانگەوازی گەلانی منبج، هەڵمەتی رزگارکردنی ئەو شارە دەستی پێکرد، لە چوارلاوە و لە شارۆچکەی تشرین و قەرەقۆزاخ ئۆپراسیۆن دەستی پێکرد. لە ٣/ ی مانگی حوزەیراندا ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی منبج و فەرماندەی شەمس ئەل شیمال بە سەختی بریندار بوو و دوای دوو ڕۆژ لە ٥/ ی مانگ شەهید بوو، لەو ڕۆژە بەدواوە شەرڤانانی ئەنجومەنی سەربازی منبج بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی فەرماندەکەیان، لە ژێر ناوی "هەڵمەتی شەهید و فەرماندە فەیسەل ئەبو لەیلا" بە جۆشێکی مەزنەوە بەردەوامیان بە هەڵمەتەکان دا. لەماوەی مانگێکدا توانرا ٢٠٠ گوند ئازادبکرێن، لەو شەڕانەدا زیاتر لە ٦٠٠ی داعش کورژران و جەبلخانیەکی زۆریش کەوتۆتە دەستی شەرڤانانی ئەنجومەنی سەربازی منبج.
لەو نێوەندەدا هاوڵاتیانی منبج پۆل بە پۆل ڕوو لە شەرڤانان دەکەن و لە گوندی ئەبو قەلقەلای سەر بە شارۆچکەی تشرین لەماوەیەکی زۆر کورتدا ٧٥هەزار هاوڵاتی توانیان خۆیان بگەیەننە شەرڤانان و لە دەستی چەتەکان ڕزگاریان بوو. لە منبج و دەوروبەری چەتەکانی داعش هاوڵاتیانیان وەک قەڵغان بەکار هێناو یان رێگریان لێدەکردن بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بکەن، یانیش دەیانکوشتن. لەماوەی یەکەمین مانگی هەڵمەتەکدا شەرڤانان توانیان ٢٠٠ کم لە چەتەکانی داعش پاککرایەوە.
لە دووەمین هەڵمەتی شەرڤاناندا گوندەوارەکانی دەوروبەری منبج ئازادکران و ڕێگەی نێوان باب و جەرابلو- منبج داخرا. بەو شێوەیە شارەکە لە باکور، باشور، رۆژئاو و ڕۆژهەڵاتەوە گەمارۆ درا و هەڵمەتی رزگاکردنی ناوەندی شار دەستی پێکرد.
شاری بۆمبە چێندراوەکان
چونکە چەتەکانی داعش منبجیان وەک ناوەندێکی ستراتیژی بەکار دەهێنا، بۆیە بۆیە دوای ڕووخان و تێکشکانیان هەموو کۆڵان، گوند، ماڵ، دوکان و شوێنێکی ئەو شارەیان بۆمبڕێژ کردوە، چەتەکان چونکە هێزی شەڕکردنیان نەمابوو هەوڵیان دا بەڕێگەی دانانی بۆمبی چێندراوە وە هەڵمەتەکە دوا بخەن. بەڵام لەبەرامبەر ئەوەش تیمە پسپۆرەکانی پوچەڵکردنەوەی بۆمب دەستیان کرد بە خەباتێکی ورد. تیمە نیشانبڕەکانیش هەموو ئەو هێرشەیان پوچەڵ دەکردەوە کە بەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێکراوە وە ئەنجام دەدران. تا ئێستا لە ناوەندی شار ٣٠٠٠ بۆمب و بەگشتی ١٢ هەزار بۆمبی چێندراو لەلایەن شەرڤانانەوە پوچەڵکراونەتەوە.
چەتەکانی داعش بۆ شکاندنی گەمارۆ لە شارەکانی ڕەقا و جەرابلوسەوە هێرشیان ئەنجام دا، بەڵام هەموو هەوڵێکیان بێ ئاکام بوون، چونکە شەرڤانان لە هەرچوارلاوە حسابی ئەوەشیان کردبوو کە لەدەرەوە هێزیان بۆ ڕەوانە بکرێت.
شەرڤانان و گەنجانی منبج بە کوڕ و کچەوە سورن لەسەر ئەوەی جارێکیتر خاکە بە پیتەکەیان بڕوێننەوە و ژیانێکی نوێ بونیاد بنێن و دووبارە لە دایک ببنەوە.
سوتاندنی چارشێوە ڕەشەکان سەمبۆلی ڕزگاری منبجن
لە سەروبەندی هەڵمەتی ئازادکردنی شاری منبج، ئەو ژنانەی لە کۆیلایەتی، زوڵم و ستەمی فاشیزمی داعش ڕزگاریان دەبوو وەک ئەوەی لە دۆزەخ ڕابکەن ڕوویان دەکردە بەرەکانی شەرڤانان و بە سوتاندنی چارشێوە ڕەشەکانیان خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی.
لە سەرەتای هەڵمەتی ئازادکردنی شاری منبج تا ئێستا ١٥٠ ژن بەشداریان کردوە لە ناو ریزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج. ژنانی منبجیش وەک هەموو ژیانی رۆژئاوا و باکوری سوریا هەلێکی گەورەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی هێزی بەرگریکردن لە خۆیان دابمەزرێنن. چونکە ئەوان لە ماوەی چوار ساڵی دوایدا بە سەخترین ژیاندا گوزەراندیان ئێستاش دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، دەیانەوێت هێزی ژنانی شارەکەیان دابمەزرێنن.
پێشبینی دەکرێت وەک هەموو شار و شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دوای بەتەواوی پاککردنەوەی لە پاشماوە چەتەکان و ئاسایی بوونەوەی ژیان، سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە سەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتی بۆ ئەوەی گەلان بتوانن بە هێزی خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن و جارێکیتر ڕووبەرووی هێرشی دوژمنانی مرۆڤایەتی نەبنەوە لەو شارە دابمەزرێت.
(ش ب)