ژنانی عەفرین خاوەنداری لەیەکتری دەکەن

10:11

فیدان رێزان/ ژنها

عەفرین – ژنانی کانتۆنی عەفرین، سەبارەت بە کۆمەڵکوژی ژنان کە بەم دوایە لە ناوچەکە ڕووی لە زیاد بوون کردووە، کاردانەوەی توندیان پیشاند و ڕایانگەیاند کە ئەوان بە هێزی رێکخستن بوون و بە هێزی پاراستنی جەوهەری خاوەنداری لە یەکتری دەکەن.

بە هۆکارەکانی ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و دابونەریتە سەپێنراوەکانی ئەو ئەقڵیەتە، ڕۆژنانە بەسەدان ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانیش، دابونەریتە کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگە تا ئاستێکی بەرچاو بەسەر هەموو شانەکانی کۆمەڵگەدا زاڵن، بۆیە ژنان ڕووبەرووی کوشتن، توندوتیژی و هەڕەشە لێکردن دەبنەوە، لەماوەی دوو مانگدا لە عەفرین ١٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، ژنانی عەفرین لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیەی ژنان بانگەوازی خۆ بەڕێکخستن بوون لە ژنانی ناوچەکە دەکەن.

لەوبارەیەوە ئامینە سلێمان، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوی ژنانی (کۆنگرەی ستار) لە عەفرین، وتی: "ئەو پیاوەی ژن وەک موڵکی خۆی دەبینێت، مافی خۆی دەبینێت کە ئەشکەنجەی بکات و بیکوژێت، ئێمەش وەک کۆنگرەی ستار لە بەرامبەر ئەو ئەقڵیەتە تێدەکۆشین، هێزی ژنانی ڕێکخستوو دەتوانێت ڕووبەڕووی دیاردەی و ئەقڵی ژن کوژی ببێتەوە."

"دەبێت ژنان خاوەنداری لە یەکتری بکەن"

هەروەها هەر لەسەر ئەو بابەتە لەیلا محمەد، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، ئاماژەی بەوەدا کە لە ژێر ناوی ناموس ژنان دەکوژرێن، جەختیشی کردەوە: "لەو ماوەی دواییدا لە کانتۆنی عەفرین کوشتنی ژنان ڕووی لە زیادبوون کردوە، ئەو ڕەوشەش کاریگەری کردۆتە سەر تێکڕای ژنان و منداڵان و بە گشتی کۆمەڵگە. پیاوی دەسەڵاتدار بە جۆرەها شێوازی دڕندانە ژنان لە ژێر پەردەی ناموس و پاساوی جۆراو جۆر دەکوژێت، دەبێت ئیتر وەک ژنان خاوەنداری لە یەکتری بکەین بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژی ژنا."

لای خۆشیەوە زەینەب خەلیل، لە ناوچەی جندرێس، سەربەکانتۆنی عەفرین، وتی: "وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژنان فەراهەم دەبێت، ئێستا وەک ژنانی ڕۆژئاوا بەو تێگەیشتنە کار و خەباتی خۆمان دەکەین، بەڵام لەلایەکیترەوە دەبینین، کە پیاوی زاڵم و دەسەڵاتدار بۆ سەروەر کردنی هێزی خۆی بەسەر ژنان، ژن دەکات بە قوربانی خۆی. بۆیە ئەرکی قورستر دەکەوێتە سەر شانمان چونکە پێویستە پیاوان لە ڕووی هزریەوە پەروەردە بکرێن، ئێمەی ژنانیش بە هێزی ڕێکخستنی خاوەنداری لە یەکتری دەکەین بۆ بەرەنگار بوونەوەی تاوانەکانی ژن کوژی."

"دەبێت هەموو ژنان بۆ پاراستنی ژنانیتریش تێبکۆشن"

لە کۆتایشدا زەکیە محەمەد، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار، وتی: "شۆڕشی ڕۆژئاوا، شۆڕشی ژنە، بۆیە دەبێت ژنان خاوەنداری لەو شۆرشە بکەن، لەناو شۆڕشدا ژمارەیەکی زۆری دەزگا و دامەزراوەی ژنان هەن، هەمووشیان بە ئامانجی پاراستنی مافەکانی ژنان سازکراون، بەڵام سەرەڕای تێکۆشانێکی بەرفراوان، هێشتاش ژنان دەبنە قوربانی دابونەریتی کۆنەپەرستی ئە‌قڵیەتی پیاوسالاری. بۆیە دەبێت ئەو ژنانەی دەستیان کردوە بە تێکۆشان بۆ پاراستنی مافەکانی هەموو ژنان تێبکۆشن، چونکە تاکە رێگەی چارەسەری رێکخستنبوونی ژنانە."

(ش ب)