ئیتر ژنان بە ئازادی لە شەقامەکانی منبج دەگەڕێن

17:21

ژنها

منبج ــ ژنانی منبج کە ماوەیەکی زۆرە لە بن گوشار و ستەمی چەتەکانی داعش-دان، ئیتر بە ئازادی لە شەقامەکانی منبج دەگەڕێن. ژنان بەم جۆرە باسی دڕندایەتی داعشیان کرد :" ڕێبازی چەتەکان بۆ ژنان زۆر خراپ بوو، کاتێ دەچووینە بازاڕ پێویست بوو هیچ شوێنێکی لەشمان بەدەرەوە نەبێت، ئێمە بەترسەوە دەچووین و دەهاتینەوە چونکە خەڵکیان دوکوشت و ئەشکەنجەیان دەکردن.''

ژنانی منبج کە نزیکەی ٣ ساڵ بوو لە ژێر داگیرکاری داعشدا دەژیان، ئێستا لە شارەکەی خۆیاندا بەجۆش و خرۆشی ئازادیەوە دەژین و خۆشحاڵی خۆیان بۆ شەڕوانانی ئەنجومەنی سەربازی منبج ئاشکرا دەکەن و باسی دڕندایەتی داعش دەگێڕنەوە.

عەزیزە یەحیا ژنێکی خەڵکی منبجە، عەزیزە باسی دڕندایەتی داعشی بەم شێوەیە کرد :" هەڵسوکەوتی چەتەکان لەگەڵ ژنان زۆر ناخۆش بوو، ئێمە ئازارمان زۆر چێشت، نەمان دەتوانی بەبێ چارشێوی ڕەش بچینە بازاڕ. ئەگەر ژنێک بەبێ چارشێوی ڕەش بچوایەتە دەرەوە سزایان دەداو شکەنجەیان دەکرد. جارێکیان من دەچومە ماڵی خوشکەکەم بینیم لە مەیدانێکدا سەری کەسێکیان بڕیوەو داویانەتە دەستی منداڵان و ئەوانیش یاریان پێ دەکرد، ژیان لەپێش چاوم ڕەش بوو، بەخۆمم وت لە داهاتوودا ئەم مداڵانە دەبنە دڕندە!. ئێمە ئێستا تەنها ئەوەمان دەوێ کە بەئاشتی و ئارامی بژین.''

هەروەها فیدا حسێنیش سەبارەت بە خۆشحالی ڕزگارکردنی منبج وتی :" ئێمە زۆر خۆشحاڵین، ڕزگارمان بوو لە دەستی چەتەکان، هەربژی دیموکراتیک بوونی گەلان، ئێمە تۆڵەی خۆمان دەستێنینەوە. نەفرەت لە داعش، ئەوان لە ژێر ناوی ئیسلامدا بۆخۆیان ڕادەبوێرن، ماڵان تاڵان دەکەن و مرۆڤەکان دەکوژن. هەمیشە چەتەکان دەیانوت کورد کافرن، نەچنە شاری حەلەب چونکە شاری کافرەکانە، دەیانوت هاوڕێیەتی کوردان مەکەن چونکە کافرن.''

فیدا ئاشکرای کرد کە چەتەکانی داعش بەشێوازێکی دڕندانە ژنانیان ئازار دەداو دەیاکوشتن، ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی :" ئاڵتونەکانیان لێ دەستاندن. ئەوەندە دڕندە بوون تەنانەت منداڵە بچوکەکانیشیان دەبر پەروەردەیان دەکردن. فێری سەربڕینیان دەکردن و هەموو شتێکی دەرەوەی ئەخلاقیان بە منداڵان دەکرد. هەموو ئەو کارە چەپەڵانەشیان بەناوی ئیسلامەوە دەکرد. من جارێکی تریش دەڵێم هەر بژی دیموکراتیک بوون و بن کەوتن بۆ چەتەکانی داعش."

(ش ب)