ڕژاک: لەگەڵ ژیانی ئۆجالان ژیانی ئێمەش لە مەترسیدایە

07:53

ژنها

سلێمانی - لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- رژاک لە راگەیاندراوێکیاندا، لەژێر ناونیشانی (لەگەڵ ژیانی ئاپۆ، ژیانی ئێمەش لە مەترسیدایە)، بەیاننامەیەکیان ئاراستەی رای گشتی کرد.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ ئێوارە، دوای تەواو بوونی دووەمین کۆبوونەوەی نوێنەرانی ئەنجومەنی خۆی لە ناوەندی گشتی لە سلێمانی، رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- رژاک، لەسەر بارودۆخی گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لێدوانێ ئاراستەی رای گشتی کرد.

لە سەرەتای راگەیاندراوەکەدا هاتوە:"ژنانی ئازادیخواز دەزانن کە لە ئەمڕۆدا گۆشەگیرییەکی تووندی دوور لە هەموو پێوەرەکانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و سیاسی لەسەر رێبەر ئۆجالان بەڕێوە دەچێ، وێڕای ئەوەی کە هەژدە ساڵە لە زیندانی تاکەکەسی لە دورگەی ئیمرالی راگیراوە، لەماوەی ئەو هەژدە ساڵەی زینداندا گەلێک جار بە شێوەی جۆراوجۆر رووبەڕووی هێرش کراوەتەوە".

هەروەها لە بەشێکی تری راگەیاندراوەکەدا ئەوە باسکراوە:"لە ئێستادا ئۆجالان ماوەی ساڵ و نیوێکە لەژێر گۆشەگیرییەکی تووندایە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر بارودۆخی نییە و ئەمەش سنوورە سوورەکانی گەلی کورد و ژنانی ئازادیخوازی کوردە، چونکە ئازادی ئۆجالان بە ئازادی خۆیان و زیندانیی بوونی بە زیندایبوونی خۆیان پێناسە دەکەن".

لە درێژەی بەیاننامەکە زیاتر روونکراوەتەوە:"دوای ئەو کودەتایەی لە تورکیا روویدا، ترس و بێسەبرییەکانی گەلی کورد و تەواوی ژنانی ئازادیخوازی دونیای زیاتر کردوە، وەکو رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، وێڕای ئەوەی ئەو گۆشەگیرییە شەرمەزار دەکەین، بەتایبەتیش لە کاتێکدا ئێستا تێز و فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بوەتە رووناک کەرەوە بۆ تەواوی ژنانی ئەمڕۆ".

لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا، رژاک بانگەوازێک ئاراستەی ژنان و گەلی کورد دەکات:"پێویستە ژنان لە هەر کاتێکدا ئامادەکارییان هەبێت و بەشدار بن لە چالاکییەکان، تا ئەو کاتەی ئاستی چالاکییەکان دەگاتە ئاستێک کە ئازادی رێبەر ئۆجالان مەیسەر بکات".

(ش ب)