کاردانەوەکان بەرامبەر بە تیرۆری ڕۆژنامەوان وەدات حسێن

08:13

ژنها

ناوەندی هەواڵ – کاردانەوەی دەزگا و لایەنەکان لە بەرامبەر تیرۆری ڕۆژنامەوانی ئاژانسی دەنگوباس ڕۆژنیوز سات بە سات زیاتر دەبێت و داوای هەرچی زووە ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە دەکرێت.

لە بەیاننامەیەکی تایبەتداسەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت:"لە کاتێکدا رۆژنامەنووسان لە بەرامبەر چەتەکانی داعش لەبەرەکانی شەر هەواڵ دەگوازنەوە و تووشی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە... مخابن ڕۆژی ١٣/٨/٢٠١٦هەواڵی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حوسێن ناسراو بە وەات دهۆکی؛ کە لە ئاژانسی دەنگوباسی رۆژنیوز کاریدەکرد، لە شاری دهۆک؛ تیرۆر کراوە".

راگەیەندراوەکە روونیشیکردوەتەوە:"ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان وئازادی رۆژنامەنووسی لە ئەنجومەنی سەندیکای روژنامەنووسانی کوردستان، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی هەرێم و پۆلیس دەکەین تاوانباران بدۆزێتەوە و رادەستی دادگای بکات، ئێمە پێشتر و ئێستا و سبەی هەر داکۆکیکاری سەرسەختی پێشێلکارین دژی رۆژنامەنووسانی کوردستان؛ ئەندامی سەندیکا بێت یاحود نا... دروود بۆ گیانی بەرزەفڕی رۆژنامەنووسانی شەهید".

ڤیان عه‌باس، به‌رپرسی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی لقی دهۆک لەو باریەوە بە دەزگای دواڕۆژی ڕاگەیاندوە: بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی کەیسی ئەو ڕۆژنامەوانە دەکەین و چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشکی دادوەرین، پاشانیش بە فەرمی هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین. چونکە نابێت ئەو ڕووداوە بە ئاڵۆزی بمێنێتەوە.

هەروەها لە راگەیاندنێکی تایبەتدا کە پێنج فڕاکسیۆنەکەی پەرلەمانی کوردستان، ڕایانگەیاندوە هاتوە:"ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنه‌كانی(گۆڕان، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و بزوتنه‌وه‌) به‌تووندی ئیدانه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس (ویدات حسین عه‌لی) و سه‌رجه‌م پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ین. ئه‌م رووداوه‌ راستییه‌كمان پیشان ده‌دات، كه‌ ئازادییه‌كان به‌گشتی و ئازادی راده‌ربڕین به‌تایبه‌تی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جددی دان. ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت پاراستنی سه‌روماڵ و شكۆ و ئازادی هه‌موو هاوڵاتیانه‌ و پێویسته‌ له‌ ئاست ئه‌م تاوانانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ و دوور له‌ هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێكی حیزبی و سیاسی كاری خۆیان بكه‌ن و .سه‌روه‌ری یاسا به‌ به‌رزی رابگرن، له‌ كۆتاییدا داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌م كه‌یسه‌ ده‌كه‌ین و پێویسته‌ بكه‌رانی ئه‌م تیرۆر و تاوانه‌ بدۆزرێنه‌وه ‌و به‌ سزای یاسایی خۆیان بگه‌ن".

هاوکات سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان لەسەر ئەو تیرۆرە رایدەگەیەنێت: تاوانی کوشتن بەهەر هۆکار و بیانویەک بێت، نابێت کۆمەڵگا لێی بێدەنگ بێت، ئێمە ئیدانەی کوشتنی رۆژنامەنوس وەدات حسین دەکەین و داوای لێکوڵینەوە جدی دەکەین لەم تاوانە، دەبێت ئەنجامدەرانیشی بدرێنە دادگایەکی ئاشکرا.

هەر لەسەر ئەو کردەوە تیرۆرکاریە ناوەندی پێنکورد، رایگەیاندوە:" ناوەندی پێنکورد بەتووندی ئیدانەی تیرۆرکردنی وەدات حسێن عەلی ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز دەکات. لەکاتێکدا هەرێمی کوردستانی عیراق بەنێو کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، رۆژ لەدوای رۆژیش قەیرانەکان ئاڵۆزتر دەبن تادەگه‌نە سەرکوتکردنی دەنگی ئازادی رۆژنامەنووسان و رووناکبیران. پێنکودر وەکو رێکخراوێکی جیهانی، داوا لە دەزگاکانی هەرێم دەکات کاری جدی بکرێ بۆ دۆزینەوەی تیرۆرستان:"داوا لەدەزگاکانی ئاساییشی دهۆک دەکەین بەدواداچوونی جددی لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی ناوبراو بکات و تاوانباران رووبەرووی دادگا بکات، و بەسزای خۆیانی بگەیەنێت".

جێگەی ئاماژەیە دوێنێ شەممە ویدات حوسێن، رۆژنامەوانی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز دوای ئەوەی لە دهۆک ڕفێنرا پاش چەند کاتژمێر بە کوژراوی دۆزرایەوە. زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ویداتی ٢٨ ساڵان بە زەبری ئەشکەنجە کوژراوە.

بڕایارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ لەسەر تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەوانە لێدوانێکی چاپەمەنی لە شاری سلێمانی ڕابگەیاندرێت.

وەدات حسێن عەلی لە ١٩٨٨ لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووەو ماوەی چەند مانگێکە گرێبەستی لە گەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوزدا واژۆ کردبوو.

(ش ب)