ژنان کۆمەڵکوژی گر عوزێر و سیبا شێخ خدر دەگێڕنەوە
10:25
خەنسێ خدر – ئیلهام حاجی / ژنها
شەنگال – ئەمڕۆ ساڵڕۆژی تەقینەوەی گر عوزێر و سیبا شێخ خدرە کە وەک ئەڵقەیەکی فەرمانە یەک لە دوای یەکەکانی سەر کوردانی ئێزیدیە. ئەو ژنانەی شایەتیان بۆ ئەو ڕۆژە کردوە باس لە کۆمەڵکوژیەکە دەکەن.
لە ١٤-٨-٢٠٠٧ دا کاتژمێر ٧ ی ئێوارە تەقینەوەیەکی بەهێز لە گر عوزێر و سیبا شێخ خدری سەربە شەنگال ڕوویدا، لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا ٣٣٠ هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا و ٧٢٠ کەسیش بریندار بوون. ئەو دایکانەی شایەتیان بۆ ئەو ڕۆژە ڕەشەداوە وتیان ئەو ڕۆژە وەک سەرەتایەک بوو بۆ هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال.
دایە عایشە عەبدۆ، دانیشتووی گوندی خربەت قەوالا، کە دەکەوێتە خواروی گر عوزێر، وتی: "کاتژمێر ٧ ی ئێوارە بوو، دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر بە هێز هەمووانی لە شوێن خۆدا وشک کرد، نەمانتوانی بجوڵێین، کەسمان نەمانزانی چی ڕوویدا، دوای ئەوەی زانیمان لە گر عوزێر و سیبێ تەقینەوە ڕوویداوە ڕوومان کردە ئەو شوێنە. دراوسێیەکمان هەبوو خۆی و دوو لە کوڕەکانی لە ناو تەقینەوەکەدا گیانیان لە دەستدا. ئێمەش بۆ شاردنەوەی تەرمەکان چووین، بەڵام هەموویان سوتابوون و پارچە پارچە ببوون، بۆیە هەر چەند کەسێکیان دەخستە ناو بەتانیێک و دەیان ناشتن، ئەوانەی زۆریش تێک نەچبوون و بەکەڵک شوشتن دەهاتن بە جیا گۆریان بۆ هەڵکەنین و ناشتیان، بە قەدەر فەرمانی ٧٤ مین ئەو کاتیش زۆر کەسمان لەدەستدا و ڕۆژێکی ڕەش بوو."
عایشە باسیشی لەوە کرد کە هەر لەو کاتەوە ئامادەکاری بۆ فەرمانی سەر ئێزیدیەکان دەکرا بە دەستی داعش، ناوبراو وتیشی: "ئەوانەی ئەو کات تەقینەوەیان ئەنجامدا پێشەنگی داعشی ئێستان و ڕێخۆشکەریان کرد بۆ دواین فەرمانی سەر ئێزیدیەکان. ئەگەر ئەو کاتە دەستوبردمان کردبووایە و هۆشیار بووینا ئەو فەرمانەشمان بەسەر نەدەهات."
هەروەها غەزال حاجی دایکێکی گوندی سیبا شێخ خدر بەو شێوەیە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە: "ئێوارە بوو کاتژمێر ٧ بوو، ٢ کامیۆن لە گر عوزێر و ٢ کامیۆنیش لە سیبێ تەقێندرانەوە، بەڵام ئەوەی هەرە بە کاریگەر لە گر عوزێر ڕوویدا، ئەگەر ئەوەی گوندی خربەو ئەوەی لای خۆمان تەقیبانەوە ئەوا کەسمان نەدەما، کاتێک تەقینەوە ڕوویدا سەری شوفێرە خۆکوژەکە کەوتە نزیک خۆمان، ئەویش ڕیشی هەبوو وەک داعشەکانی ئێستا."
غەزاڵ ئاماژەشی بەوە دا ئەوان بە فەرمان و کۆمەڵکوژی لەناو ناچن و بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "سەرکەوتن هی خۆمانە، داوا لە هەموو ئێزیدەکان دەکەم بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لەمڕۆژە بەدواوە ڕێگە نادەین هیچ فەرمانێکیترمان بەسەر بێت و ڕێگە بەوە نادەین داعشی نوێ سەر هەڵبڕن."
(ش ب)