لە منبج ژنانی عەرەب ڕوو دەکەنە ناو 'یەپەژە'
13:58
جڤین گرباوی – گوڵان بۆتان / ژنها
قامیشلۆ – لە بەرامبەر دڕندەیی چەتەکانی داعش ژنانی ڕزگار بووی شاری منبج بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە ڕوو لەناو ڕیزی شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەکەن.
دوای سەرکەوتنی هەڵمەتی رزگار کردنی شارۆچکەی منبج کە بە ئۆپراسیۆنی شەهیدی فەرماندەی فەیسەل ئەبو لەیلا ناسراوە، ژیانێکی نوێ لە منبج بونیاد دەنرێت.
بەدەیان ژن بە کورد، عەرەب و تورکمانەوە پۆل بە پۆل ڕوو لەناو ڕیزی شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" دەکەن، ژنان بەجۆشی ئازادی بە هیوای ئەوەی جارێکیتر نەکەونە ژێر دەستی چەتەکان و هێزی دژە ژن. شەرڤانان لەسەر ئامانجی بەشداری کردنیان لەناو یەپەژەدا بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
یەکێک لەوانە بەرفین قارەمانە، بەرفین ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ تۆڵەسەندنەوە چەکی هەڵگرتوە، هەروەها وتیشی: "دوای ئەوەی ئەنجومەنی سەربازی گەڕەکی ئێمەیان لە چەتەکان پاککردەوە بەڵێنی ئەوەمدا بەشداری ناو ریزەکانی ئازادیخوازی ببم بۆیە هاتمە ناو یەپەژە. ئامانجی من ئەوەیە خۆم و وڵاتەکەم رزگار بکەم. خۆم و خوشکەکانم بەشداریمان کردوە.
هەروەها بەهارین ڤیان، شەرڤانێکیترە و وتی: "ئێمە سێ خوشک بەیەکەوە بەشداریمان کردوە لە ناو شەرڤانانی یەپەژە، داواکاریم ئەوەیە هەموو هاوڵاتیانی منبج بە ئیرادەی خۆیان تێبکۆشن. بانگەوازیش لە هەموو کچ و لاوەکانی منبج دەکەم با چیتر سەرمان بەرامبەر زوڵم نەتەوێنین، چونکە رێگەی راست و گەیشتن بە ئازادی گەلان، هێزی سوریای دیموکراتی، یەپەژە و یەپەگەن. دەبێت تۆڵەی مرۆڤە بێتاوانەکان لە داعش بکەینەوە."
هاوکات ئارین ئەسالیا، شەرڤانێکی تورکمانە، ئەویش لەسەر ئامانجی پەیوەستبوونی خۆی بە شەرڤانان وتی: "بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد، پێویستە زەمینێکی ژیانی ئازاد بونیاد بنێین. بۆیە هەر کەسێک توانای ئەوەی هەیە لە سەنگەرەکان بمێنێتەوە دەبێت بێنە گۆڕەپانی تێکۆشان. دوای هەنگاو بە هەنگاو پێشڤەچوونەکانی هەڵمەتی ڕزگاری منبج، بۆ هاوکاری کردنی شەرڤانان خۆم و خوشکەکەم پەیوەندیمان کرد بە ئەنجومەنی سەربازی منبج، ئێمە بەو هیوایەیەین ئەو پەروەدە فکری و سەربازیەی لێرە بینیومانە لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەکەمان بە ژیانی بکەین بۆ خزمەتی گەلەکەمان و شەر کردن بەرامبەر دوژمنانی مرۆڤایەتی داعش."
هەروەها شەرڤانانی بەڕەگەز عەرەب کە بە جۆش و ویستی خۆیان هاتونەتە ناو یەپەژە لە سەر ئامانجی بەشداری کردنیان دوان و رایانگەیاند وڵاتەکەمان چەندە ئازاد بێت ئێمەش ئەوەندە جوانتر دەبین.
ئاریان جودی، شەرڤانی عەرەب ڕایگەیاند: "بە ویستێکی زۆرەوە هاتومەتە ناو شەرڤانان، بەڵام بنەماڵەکەم ئاگاداری ئەوە نین کە لەناو یەپەژەدام، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕوانینێکی وا زاڵە کە ژنان ناتوانن چەک هەڵگرن و شەڕ بکەن و پارێزگاری لە نیشتیمان بکەن. من هاتوم چونکە ئیتر بەرگەی زوڵمم نەگرت، داعش ماڵەکانیان وێران کردین کچانی گوندەکەمانیان بە پارە دەکڕی و هاوسەرگیری دوور لە ئەخڵاقیان لە گەڵ دەکردن. بۆیە ،من هاتمە ناو یەپەژە تا ئازاد ببم تا بە ئازادی نەفەس بگرم، چەندە وڵات و خاکمان ئازاد بێت ئێمەش ئەوەندە جوانتر دەبین."
هەروەها شەرڤانێکیتری بەڕەگەز عەرەب، سارینا منبجە، ساریناش بەو شێوەی قسەی کرد: "بە هاوکاری ئەنجومەنی سەربازی منبج، بەشداری یەپەژە بووم زۆر سوپاسیان دەکەم لە زوڵمی داعش ڕزگارم بوو، چونکە داعش بەزۆر جل و بەرگی ڕەشی پێ لە بەر دەکردین و بەناوی ئایینەوە هەرچی چەپەڵی هەیە بەسەری دەسەپاندین. بۆیە داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە توانایان هەیە بێنە ناو یەپەژە و یەپەگە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سەردەمێکی تاریکتر نەبینەوە."
لە کۆتایشدا شەرڤانێکی تر بەناوی ساریا ئازاد وتی: "دەمانەوێت تۆڵەی گەلی منبج بکەینەوە و ژنان بپارێزین، ئامانجمان ئەوەیە، چەتەکانی داعش ئەو هەموو زوڵمەیان لێکردین، نابێت ڕێگە بەوە بدەین جارێکیتر ئەو مێژوە خۆی دووبارە بکاتەوە. داوا لە هەموو هاوڵاتیانی منبج دەکەم بێنە سەر هێڵی بەرگری نیشتیمانی. چیتر بەرگەی ژێردەستی ناگرین."
(ش بن)