منبج بەرەو قۆناغێکی نوێ

14:07

ژنها

ناوەندی هەواڵ - سۆزدار خالد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی منبج ڕایگەیاند کە پاش ڕزگارکردنی منبج بە کاروخەباتی شەرڤانان، دەتوانین پێ بنێینە قۆناغێکی دیکەوە و ڕێگا بۆ دروستکردنی ئەنجومەنەکان لە منبج خۆش بکەین.

چواری نیسانی ساڵی ٢٠١٦، نوێنەرانی پێکهاتەکانی شاری منبج کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مەدەنی منبج - یان بەڕێوەبرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنێک بونیات نرا و هاوسەرۆکەکانی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردران، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری ئەوە دەکرا کە سیستەمێکی دیموکراتی نا - ناوەندی دروست بکەن.

پاش ڕزگارکردنی منبج و گوندەکانی دەوروبەری، بۆ دروستکردنی ئەنجومەنی ناوچە ڕزگارکراوەکان هەوڵدرا، لە زۆربەی گوندەکان ئەنجومەنی مەدەنی بونیات نرا، هەروەها ئەنجومەنی تەندروستی ناوچەکانیش دروست کرا.

سۆزدار خالد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی منبج لەلێدوانێکیدا ڕادەگەیەنێت:" ئێمە بە هەموو جۆرەکان کاری ڕێکخستن دەکەین و هاوڵاتیان لەم کارەدا بەشداردەبن، ئێستا ئەرکی ئێمە ڕێکخستنی خەڵک لە ناو ناوچەکەدایە، پاشان کاری ڕێکخستن لە ناوەندی شاریش دا دەکەین، پاشان خەڵک دەتوانن لە سەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتی بۆخۆی ڕێکخستن بەڕێوە ببات ".

سۆزدار خالد باسی لەوە کرد کە ڕۆلی گەنجان بۆ ڕێکخستنی خەڵک و کۆمەڵگا زۆر گرنگە و گەنجان دەبێت بە جۆرێک پێشەنگی ڕێکخستن بن لە کۆمەڵگا.

سۆزدار خالد ئاماژەی بۆ ئەوەشدا کە ژنان لە بەڕێوەبەری منبج دا ڕۆڵێکی سەرەکیان دەبێت و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانیدا:" لە سیستەمی ڕێکخستن لە منبج هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیاو لەگەڵ یەک کار دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان کۆبوونەوە و ڕێکخستنی سەربەخۆی خۆیان پێک دێنن ".

(ش ب)