لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ: حسابی ژنانی بەدیلگیراو لە پەدەکە دەپرسین
16:41
ژنها
شەنگال – ئەمڕۆ دووەمین ساڵرۆژی کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆیە، ژنانی شەنگالیش ڕادەگەیەنن ئەوان حسابی هەموو ژنانی بەدیلگیراوی دەستی داعش لە پەدەکە دەپرسنەوە.
ڕۆژی ٣/ ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و بەهەزاران کەسیان کۆمەڵکوژ کرد، هەروەها لە لە بەردەوامی ئەو هێڕشەدا چەتەکان هێرشی گوندی کۆچۆی سەربە شەنگال کرد، تێکڕایی پیاوانیان کۆمەڵکوژ کرد و ژنان و منداڵانیشیان بە دیل گرت.
گەورێ خدر، یەکێک لە شایەتحاڵانی کۆمەڵکوژیەکە ڕایگەیاند: "خۆم خەڵکی ئەو گوندە نیم، بەڵام خزم و کەسوکاری زۆرم لەو گوندە بوون، خەڵکی گوندەکە سەرەتای فەرمان گوندی خۆیان چۆڵ نەکرد، کاتێک داعش هاتبووە گوندەکە بە هاوڵاتیانی وتبوو لە ماڵەکانتان دەرنەچن هیچ ناکەین، بەڵام گەورەترین کۆمەڵکوژیان بەرامبەر هاوڵاتیانی ئەو گوندە پێکهات. ژنانی ئەو گوندە هێشتاش لە دەستی داعش دان و بازرگانیان پێدەکرێت."
ناوبراو وتیشی: "ئەو مەرگەساتەی بەسەرمان هات، هۆکارەکەی نەبوونی هێزێکی بەرگریکردن بوو، بۆیەش پێویستی سەرەکیمان هێزێکی بەرێکخستوو و هاوبەشە."
گەورێ لە کۆتایشدا وتی: "بەر لە فەرمان پەدەکە پێی دەوتین هیچ شتێک ڕوونادات، بە ئاسودەیی بخەون، بەڵام کاتی فەرمان هیچ هێزێکی پێشمەرگەی پەدەکەمان نەبینی. هەر بۆیە حسابی هەموو ئەو ژن و کچانەی دەستی داعش لە پەدەکە دەپرسین."
هەروەها نەعیمە شەڕۆ، بەو شێوەی باسی لە کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆ کرد: "چونکە خەڵکی گوندی کۆجۆ تەرکی گوندەکەیان نەکرد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، لە ڕۆژێکی وەک ئێستادا چەتەکانی داعش دانیشتوانی گوندیەکانیان کۆکردەوە دوای ئەوەی پیاوەکانیانیان هەموو لە تەنیشت گوند کوشت، بەساڵاچوانیش تا ئێستا بێ سەروشوێنن."
ناوبراو وتیشی: "ئەوەی خیانەتی بەرچاوی لە گوندنشینان کرد موسڵمانانی دراوسێکانیان بوون، پێشتر لە گەڵ ئێزیدیەکان کێشەیان نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی داعش هات پشتیان لێکردن."
ناوبراو وتیشی: "دەمەوێت لە شتێک تێبگەم تا ئێستا لێی تێنەگەیشتوم، ئایا بۆچی کە ئێمە ڕاماندەکرد پێشمەرگە گولـلەیان بەسەرمان دەباراند. کاتێک لە ڕێگەی دهۆک بووین و دەمانەویست خۆمان لە هێرشی چەتەکانی داعش ڕزگار بکات، ئێمەیان گولـلەباران دەکرد."
نەعیمە لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی یەکێتی و یەکڕیزی لە ئێزیدیەکان کرد و جەختیشی کردەوە: "داوا لە هەموو ئێزیدیەکان دەکەم هەڵسنە سەر پێ و چیتر چاو لە دەستی کەس نەبن."
(ش ب)