دایکانی شەهیدانی YPG: پەدەکە بەدەیان جار خیانەتی لێمان کرد
10:15
سۆرگوڵ شێخۆ – ژنها
تل تەمەر – دایکانی شەرڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، کە لە تێکۆشانی ئازادی گیانیان بەخت کردوە ڕادەگەیەنن، 'پەدەکە' بێڕێزی بە نرخەکانی گەل دەکات، لە بەرامبەر ئەوەش دەبێت حسابی کردەوەکانی بدات و چیتر گەلی کورد خیانەتی ئەو بنەماڵەیە قبوڵ ناکات.
لە ڕۆژی ٣ / ی ئاب بادین ئیمام ناسراو بە(فیراز کاردۆ) شەرڤانی ئەنجومەنی سەربازی منبج کە شەرڤانێکی شاری دهۆک بوو، لە هەڵمەتی ئازادکردنی شاری منبج لە شەڕێکی دژ بە چەتەکانی داعش، گیانی بەخت کرد. لە ١٠ ی مانگیش جەماوەری شاری دێرک بە ڕێوەڕەسمێکی جەماوەری تەرمی بادین ئیمامیان بەرەو باشوری کوردستان بەڕێکرد، بەلام کاربەدەستانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دەروازەی سنوردا بە شێوەیەکی ناشرین مامەڵەیان لەگەڵ تەرمی ئەو شەرڤانە کرد و بێڕێزیان بە ئاڵا و وێنەی سەر تابوتەکەی کرد و تەرمەکەشیان ڕفاند.
بەرامبەر بەو هەڵوێستەی 'پەدەکە' ناڕەزایی خۆیان هێنایە زمان و ڕایانگەیاند: ئەوە بێڕێزی کردنە بە بەها نەتەوەییە پیرۆزەکانی گەل و نیشتیمان، بۆیە دەبێت حسابی ڕەفتارە ناشرینەکانیان بدەن، چونکە کردەوەیەکی دوور لە ئەخڵاقە، پەدەکە بەدەیان جار خیانەتی لێمان کردوە، بۆیە بە توندی ڕیسواو شەرمەزاریان دەکەین.
"دەبێت پەدەکە حسابی ئەوە بدات"
جەوهەر یونس دایکی شەهیدی یەپەژە(بێریتان جودی) لەو بارەیەوە وتی: "بەتوندی ئیدانەی ڕەفتارە ناشرینەکانی پەدەکە دەکەین، بێڕێزی بە تەرمی پیرۆزی ئەو شەهیدانەمان دەکات کە گیانی خۆیان فیدایی ئەو خاک و نیشتیمانە کردوە. بە هیچ شێوەیەک قبوڵمان نیە پەدەکە بەو شێوەیە خیانەت لە نرخە پیرۆزەکانمان بکات، پەدەکە بە چ حەقێک ئاڵای ئازادی لەسەر شەهید هەڵدەگرێت، ئەو لە ژێر سێبەری ئەو ئاڵایە گیانی خۆی بەختکردوە. دەبێت پەدەکە، حسابی ئەوە بدات."
"ئاڵای یەپەگە پیرۆزە"
هەروەها زەکیە فەرحان، دایکی شەهیدانی یەپەگە(عەلی و ئاگری) وتی: "بە توندی هەڵوێستی پەدەکە بەرامبەر بە شەهیدان شەرمەزار دەکەم، هەرگیز قبوڵی ناکەین. بۆچی ڕێگە نادەن شەهیدانی ئازادی بە ناو ناسنامەی پیرۆزی خۆیان ببرێنەوە سەر زێدی خۆیان؟. ئاڵای یەپەگە پیرۆزە، بە هەزاران شەهیدی پێ نێژراوە. ئەوەی پەدەکە کردی بێ کەرامەتیە، بێ ئەخڵاقیە بەرامبەر بە نرخەکانی گەل. لەسەر ناوی دایکانی شەهیدان قسە دەکەم، هەرچیمان لەدەست بێت دەیکەن و تۆلەی شەهیدانمان دەکەینەوە."
"پەدەکە بە دەیان جار خیانەتی کردوە"
لای خۆشیەوە بەشیرە کۆتۆ، دایکی شەهیدی یەپەگە قاسم تل تەمەر وتی: "سەرەتا بە توندی ئیدانەی ئەو رەفتارە ناشرینەیان دەکەم، ئەوەی کردیان لایەقی شەهید نەبوو. کاتێک ئەو شەهیدە لە منبج گیانی خۆی بەختکرد لە پێناو کێ بوو؟ مەگەر هەمووان بۆ ئازادی گەلان خۆیان فیدا نەکردوە؟. ئەوە جاری یەکەم نیە پەدەکە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات، لە بەرامبەر گەلی کورد پەدەکە بە دەیان جار خیانەتی کردوە، بەدەیان جار خیانەتی لێمان کردوە، خیانەتێکی زۆر بەرفراوان و گەر لەدەستیان بێت هەموو کوردان دەفرۆشن. هیوادارین گەلی کورد بە گشتی بە تایبەتیش گەلەکەمان لە باشوری کوردستان دەستی خۆی بگەیەنێت بە شۆڕشی ڕۆژئاوا. لە کۆتایشدا دەڵێمەوە حسابی ئەو بێڕێزیکردنە لە پەدەکە دەپرسین."
(ش ب)