ژیار محەمەد: شێوازی تیرۆری وەدات پەیامێکە بۆ هەموو ڕۆژنامەنوسان
09:27
ژنها
سلێمانی – ڕۆژنامەوان ژیار محەمەد ڕادەگەیەنێت، هیچ ڕۆژنامەنوسێکی هەرێمی کوردستان گەرەنتی ژیانی نیە و شێوازی تیرۆری وەدات حسێن پەیامێکە بۆ هەموو ڕۆژنامەنوسان.
ژیار محەمەد، رۆژنامەوان و پەیامنێری دەنگی ئەمریکا، لەسەر تیرۆری ڕۆژنامەوان وەدات حسێن، بۆ ئاژانسەکەمان دوا و ڕایگەیاند: "تیرۆری وەدات حسێن جارێکیتر ترساندن و ئاگاداریەکە بۆ هەموو ڕۆژنامەنوسان و ئەو دەنگە ئازادانەی کە دەیانەوێت جودا بیر بکەنەوە، پێمان دەڵێت کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە. وای لێهاتوە کە چەند ساڵ جارێک چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ڕۆژنامەنوسێکی ئازاد، ئەو کەسەی جیا لە دەسەڵات بیر دەکاتەوە، ئەو کەسەی نایەوێت ببێتە سیخوڕ، ئەو کەسەی نایەوێت بازرگانی بە پیشەکەیەوە بکات، ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە. وەک ئەوەی کە لەجیاتی کارەکانی زۆرانبازی گرتوە لەگەڵ مەرگدا."
ژیار وتی: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات بە ڕاشکاوی پێمان دەڵێت؛ هەرێمی کوردستان چیتر ناتوانێت شانازی بە دەسەڵاتی خۆی بکات کە لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوو بەڕێوەی بردوە. لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەسەر ژێر دەسەڵاتی کوردی تیرۆر کراون، هیچی کەمتر نیە لە ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە دکتاتۆرەکان تیرۆر کراون."
ئەو ڕۆژنامەنوسە سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڵوێستی ڕای گشتی بەرامبەر ئەو تیرۆرە و وتیشی: "من ئومێدم نیە بەو گردبوونەوانە، چونکە ئیتر دەسەڵاتیش لەوە تێگەیشتوە کە ئەمە خولانەوەیەکە و خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەگەر ئێمە وەک ڕۆژنامەوانان بە هەڵوێستێکی جددی تر کارمان بکردایە ئەوا خوێنی کاوە، سۆران، سەردەشت و وەدات نە دەڕژا. دوێنێ ئەوان بوون ئەمڕۆش وەدات و سبەی ئێمەین و هیچ ڕۆژنامەنوسێک گەرەنتی ژیانی نیە لەو وڵاتەدا. بۆ رێگری کردن لە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان دەبێت هەڵوێستی ڕۆژنامەنوسان، پەرلەمانتاران و سەرجەم دامودەزگاکان جددیتر بێت. دەبێت هەڵوێستی نوێنەرانی هەندێک لایەنی سیاسی کە لەو دۆخە نیگەرانن جددیتر بێت. بەڵام تا ئێمە خاوەنی ئەو هەڵوێستانە بین ژیانی هیچ ڕۆژنامەنوسێک پارێزراو نابێت."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "ئەوەی مەترسیدارە تیرۆر و شێوازی کوشتنی وەدات زۆر جیاوازتربوو، دڕندانەتر بوو، ئەوەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە شێواز و مۆدێلی جیاوازتر لە بەرامبەر دەنگە ئازادەکان بەکار دەهێنرێت. "
ژیار محەمەد ڕۆژنامەوان لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت بەرپرسە لە ژیانی هەر تاکێک بەتایبەتیش هی ڕۆژنامەنوسان.
(ش ب)