زیادبوونی ڕێژەی خۆکوژی لەنێوان هۆکار و چارەسەریدا
10:59
شەنگار برادۆست / ژنها
سلێمانی – ڕێژەی خۆکوژیەکان لە بەرزبوونەوەدایە، ژنانی چالاکوان و دەرونناسیش هۆکاری سەرەکی ئەو دیاردەیە دەگەڕێننەوە بۆ چارەسەر نەبوونی قەیرانە بنبەستبوەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەگەل خۆیدا بازار، خێزان و هەموو جومگە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەی لاواز کردوە،
بە گوێرەی دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ڕێژەی خۆکوژی لە نێوان ژنان و پیاوان لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوەی زیاتریش بەرچاو دەکەوێت زیادبوونی ئەو دیاریدەیەیە لە نێوان کچانی تەمەن بچوک. ژنان هیچ جیاوازیەک نابین لەنێوان خۆکوژی و کوشتن, چونکە ڕایدەگەیەنن لە پشت هەر خۆکوژیەک هاندان و گوشارێک هەیە. هاوکات خاڵی هاوبەشی ڕووانینی ژنان لەو بارەیەوە سیستەمی دەسەڵاتداریە .
" ژن هەستیارە، بەڵام لاواز نیە"
شیلان تاڵەبانی دکتۆری دەرونناسی لەو بارەیەوە وتی: "ژن هەستیارە، بەڵام لاواز نیە، هەستیاریەکەی بە هێز بوونی ئاستی بیر و هۆشیەتی. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە تێگەیشتین ئازادیدا کێشە هەیە، بۆیەش زۆر هەوڵەدرێت بۆ کۆتا و گەیشتن پۆستی باڵا، هەرچەند ئەمانە گرنگن، بەڵام تێگەیشتنی ئازادی ڕاستی ژن نین. فشاری دەرونی و جەستەیی لە کۆمەڵگەکەمان لەسەر ژن بە پلە یەکە، ئەمەش دەبێتە هۆیی ئەوەی ژنان بگەن بە ئاستی خەمۆکی و خۆکوشتن.
ناوبراو وتیشی: "نەبوونی ژینگەیەکی پاک و ئارام، شوێنێکی پشودان بۆ گەنجان و ژنان لە کاتێک کە باری دەرونیان تێکدەچێت، هۆکاری تری زیاد بوونی ئەو دیاریدەیەن. هەروەها پێویستی بەڕاوێژکاری دەرونناسی کۆمەڵایەتی هەیە، کەسانێک بن بتوانن لەگەل خاوەن گرفت بیرکەنەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. ئێمە ژمارەی مزگەوتمان زۆر زۆرە، بەڵام پێویستە ئەو مزگەوتانە ببنە شوێنی سوککردنەوەی باری دەرونی و کۆمەڵایەتی، ئەو مامۆستایانەی لەوێش خاوەن زانابوون و هۆشیاری کۆمەڵایەتی بن، ژنانیش ڕۆڵ و بوونیان هەبێت، ئەو کارەش بە مەلای کلاسیک ناکرێت.
شیلان جەختیشی کردەوە کە کاریگەری قەیرانەکانی دەسەڵاتی سیاسی و قەیرانی داریی و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کاریگەری زیاتریان لەسەر هاوڵاتیان دروست کردوە و وتیشی: "هەموو پارچەکانی کوردستان خاوەن سنوری خۆمان نین، بۆیە هەست بە ئاسایشی ژیان ناکەین. لەسەر سنورەکانمان شەڕ هەیە، لەناوەخۆش شەڕێکی سارد و قەیران، بۆیە دەتوانین بڵێین بەرپرسیاری ئەم دۆخە سیستەمی سەرمایەداری و ئیدارییە لە ناوچەکە."
"ئەوەندەی ڕاگەیاندن کار بۆ زەقکردنەوەی ڕووداوەکان دەکات کار بۆ کەمکردنەوەی خۆکوژی ناکات"
مەستورە مەحمود، ڕۆژنامەنوس پێی وایە، ڕۆڵی ڕاگەیاندن بەرچاوە لە پەرەسەندنی ئەو دیاریدەیە بە گوێرەی ساڵانی ڕابردوو، ناوبراو وتی: "ڕێژەی خۆکوژی زیادی کردوە، ئەوەش لە ئەنجامی توندوتیژیە، ڕەنگە لە بەر سزا و زیندان نەتوانن زۆر بە ئاشکرایی ژن بکوژن، بەڵام گوشاری دەرونیان دەخرێتە سەر و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دەکرێت. خۆکوشتن و کوشتنی کەسێک هەمان شتە، هەمان هۆکاری هەیە، تەنانەت خۆکوشتن ئەنجامی دووجار توندوتیژیە هەم دەرونی هەمیش ئەگەیەنرێت بە ئاستی خۆکوشتن."
هۆکارێکی زیادبونی ڕێژەی خۆکوژی دەگەڕێنمەوە بۆ دەسەلات، پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە کاریان نەکردوە. تەنانەت هەندێک جار خۆکوشتن دەکەنە دەسکەوتێکی گەورەی ڕاگەیاندنەکانیان. کاریان بۆ هۆشیاری کۆمەڵگە نەکردوە، چونکە دەزانن ناتوانن لە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار ئاستی سیاسی خۆیان بەڕێوەبەرن."
مەستورە مەحمود، لەسەر ڕۆڵی راگەیاندن لە زیادبوونی ئەو دیاریدەیە وتی: "لە ڕاگەیاندن ڕووداوەکان زەق دەکرێنەوە، ئەوەندەی کار بۆ خستنە ڕووی ڕووداو چۆنێتی ڕووداوەکان دەکرێت کار بۆ مەترسی ئەو دیاریدەیە، بۆ کەمکردنەوەی لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە ناکرێت."
"خۆکوژی چاولێکەری دراما تورکیەکانە"
هاوکات دڵسۆز عەزیز، بەرپرسی لقی سلێمانی ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی لەسەر زیادبوونی خۆکوشتن وتی: " ڕاستە کوشتن کەمی کردوە، بەڵام خۆکوشتن زیادی کردوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن لە بواری شەرعیەوە چونکە هەموومان دەزانین هەر کوشتنێک بە ناحەق لە ئاییندا تاوانە، بەڵام خۆکوشتنیش یەکێک لەو تاوانانەیە کە خوای گەورە پەسەندی نەکردوە. دەبین خۆکوشتن بە گشتی زیادی کردوە، لەسەر ئەوەی خوێندکارێک نمرەی باشی نەهێناوە خۆ دەکوژێت، یان لە هاوژینەکەی توڕە دەبێت خۆی دەکوژێت، دیارە ئەوەش شتێکی لەناکاو نیە، کۆمەڵێک هۆکارمان هەیە.
یەکەم: کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕووی شەرعیەوە تێنەگەیشتوە لەوەی کە خۆکوشتن چ تاوانێکە.
دووەم: نەبوونی داراییەکی ڕێکوپێک هۆکارێکی سەرەکیە کە لە ئەنجامی قەیران و سیستەمی بەڕێوەبردن هاتۆتە ئاراوە، چونکە دوای نەدانی موچە و قەیرانی دارایی جیابوونەوە و خۆکوژی و توندوتیژی خێزانی روویان لە زیاد بوون کردوە.
سێیەمین: هۆکارێکی تری ئاستی ڕۆشبیری و ڕاگەیاندنە بۆ نمونە ئەو دراما تورکیانەی دۆبلاژ کراون، خراپترین کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی داناوە چونکە ژیانی تورکی لەگەڵ شێوازی ژیانی ئێمە زۆر جیاوازە، بۆیە دەتوانین بڵێین چاولێکەری دراما تورکیەکانە کە کۆمەڵگەی ئێمەیان شێواندوە.
دڵسۆز عەزیز ئەوەشی خستە ڕوو کە ژنان پشکی شێریان بەرکەوتوە لە تێهەڵچوون و ئاڵۆزیەکان.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین هۆکاری زۆری خۆکوژی دەخرێنە ڕوو، بەڵام لە کارکردن لەسەر ئەو بابەتەدا هیچ لایەنێک خۆی بە بەرپرسیار نابینێت و ڕۆژ بەڕۆژ خۆکوشتنیش ناو هەموو چین و توێژەکان لە زیادبووندایە.
(ش ب)