مەسەدە: هێرشی سەر حەسەکە پلانگێریە
15:11
ژنها
ناوەندی هەواڵ - ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی ئاشکرای کرد، "هێرشی سەر حەسەکە پیلانێکی قێزەونە و ئێران و تورکیا بەشدارن تێیدا، هەروەها ئەو ئەنجومەنە داوای لە هاوڵاتیانی حەسەکە کرد یەک بگرن لە بەرامبەر بە تێڕوانینی شۆڤینیستی ڕژێمی بەعس".
ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لە بارەی هێرشی هێزەکانی رژێمی بەعس بۆ سەر حەسەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
راگەیاندراوەکە هێرشی هێزەکانی رژێمی بەعس بەمەبەستی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی حەسەکە شەرمەزار کرد و سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانیانی هێرشەکە کردوە، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستوە.
لە درێژەی راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە"ئەو هێرشە پاش ڕزگارکردنی منبج کرایە سەر حەسەکە و پیلانێکی سیاسی زۆر قێزەونە، لەو پیلانەدا دەوڵەتانی ئێران و تورکیا کە لە باری بەرژەوەندییەوە دژی یەکن، بەرامبەر بە دژایەتی لەگەل گەلی کورد و پڕۆژەی سوریای دیموکراتی یەکگرتوویی هەوڵدەدەن".
لە هەمان راگەیاندراودا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە"دانیشتوانی شاری حەسەکە بریتین لە هەموو پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، سریانی و ئاشوری، بۆیە هێرشەکە دژ بە هەموو پێکهاتەکانی سوریایە".
هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا باس لە ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کراوە و خراوەتەڕوو "پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ڕێگای هاندانی ئەندامانی حیزبەکان دژ بە یەکتر و ڕێکخستنی ڕێپێوان بۆ دژایەتی بەڕێوەبەری خۆسەر، ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسیەوە".
هەروەها ئاشکرای کردووە "هاوکاتبوونی هێرش بۆ سەر حەسەکە لەگەڵ هێرشی چەتەکانی هاوپەیمانی بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود نیشان دەدات رژێم لەگەڵ چەتەکان بۆ دژایەتی لەگەڵ پڕۆژەی سوریای دیموکراتی هاوڕایە، لە لایەکی دیکەوە لە بارەی شارۆچکەی رای-دا چەتەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەتەکانی داعش کە لە لایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن، ڕێککەوتن".
لە کۆتایی راگەیەنداراوەکەدا باس لەوەش کراوە "رژێمەکانی ناوچەکە لە پەند لە مێژوو وەرناگرن و داوا لە خەلکی حەسەکە کرا کە بەرانبەر بە رژێمی شۆڤینیستی بەعس یەک بگرن".
(ش ب)