تەلار لەتیف: بەهۆی پارتیەوە خەڵك باوەڕی بە دەزگا شەرعیەكان نەماوە

09:26

ژنها

ناوەندی هەواڵ - ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان ڕادەگەیەنێت: نەبوونی شەرعیەتی سەرۆكی هەرێم وایكردوە چەندین بۆشایی یاسایی لە هەرێمی كوردستاندا دروستببن.

تەلار لەتیف، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە: لە ٢٠-٨-٢٠١٥ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان شەرعیەتی یاسایی لە دەستداوەو هەر ئەمەش وایكردوە كە لەماوەی ئەمساڵەدا چەندین كێشەی یاسایی دروستببن .

وتویەتی: "ئەگەر پەرلەمانی كوردستانیش كارا بوایە، بێگومان نەبوونی كەسێك وەك سەرۆكی هەرێم لەڕووی یاساییەوە كارەكانی پەكدەخست و وەك ئێستا تووشی بۆشایی یاسایی دەكردین".

تەلار لەتیف راشیگەیاندوە: چەندین جار مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم فەرمانی دەركردوە، كە بێگومان ئەوەش لادانێكی دیكەیە لە یاسا و پارتی دیموكراتی كوردستان كارێكی كردوە كە خەڵك باوەڕی بەدەزگا شەعییەكانیش نەمێنێت.

ئەمڕۆ ساڵێكی تەواو بەسەر سەرهەڵدانی قەیرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت و تائێستاش ئاسۆی چارەسەركردنی قەیرانەكە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا روون نییە، چونكە لەو رۆژەوە‌ جیاوازی نێوان لایەنەكان لەسەر پۆستی‌ سەرۆكی هەرێم دروستبووە و چوار لایەنی‌ سەرەكی‌ پێیان وایە ‌ویلایەتەكەی بارزانی‌ كۆتایی‌ هاتووە، بەڵام پارتی‌ دیموكراتی كوردستان مانەوەی‌ بارزانی‌ لەو پۆستەدا بەیاسایی دەزانێت و بۆ ئەوەش پشتی‌ بەبڕیارێكی‌ ئەنجومەنی‌ شورای هەرێم بەستووە.

(ش ب)