ژنانی حەسەکە: چی دەبێت با ببێت شارەکەمان چۆڵ ناکەین

12:10

لاڤا سیراج / ژنها

حەسەکە – ژنانی حەسەکە هێرشەکانی ڕژێمی ئەسەد ئیدانە دەکەن و ڕادەگەیەنن: چی دەبێت با ببێت خاکی خۆمان چۆڵ ناکەین.

ژنان لە شاری حەسەکەی سەر بە کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی ئیدانەی هێرش و پلانگێری سەر حەسەکەیان کرد.

یەکێک لەو ژنانە بەناوی سهام حەواس، رایگەیاند: "بە هەموو شێوەیەک پشتگیری شەرڤانانی خۆمان(یەپەژە- یەپەگە)دەکەین. ئامانجی هێزەکانی ڕژێم و نۆکەرانی ئەوەیە ورە و مۆڕاڵمان بڕوخێنن، نیگەرانن لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتن و دەسکەوتانەی بە خوێن بەدەستمان هێناون."

دەریا خالیدیش لەو بارەیەوە وتی: "ماوەی چوار ڕۆژە ڕژێم بە هەموو دڕندەیی خۆی و بە هاوکاری حزبوڵا و ئێران هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی. ئێمەش وەک دایکانی شاری حەسەکە بەڵێن دەدەین شارەکەمان بۆ نەیاران بەجێناهێڵین. بە هەموو شێوەیەک لە پشت شەرڤانان و هێزەکانی ئاسایش دەوەستین. ئێمە خاوەن ئیرادەیەکی بە هێزین، خاوەنی ئەو خاکەین. هەموو پێکهاتەکان بە کورد، عەرەب و ئاشورەوە یەک هەڵوێستمان هەیە و لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک دەوەستینەوە."

لای خۆشیەوە پەروین خالید، کە ژنێکیتری ئەو شارەیە هێرشی هێزەکانی ڕژێمی بەعسی ئیدانە کرد و وتی: "چوار ڕۆژە ڕژێم بۆردومان و تۆپبارانی خەڵکی مەدەنی دەکات. ئێمەش خاوەن هەڵوێستین کە گەرەک و مالەکانمان تەرک ناکەین. بەرخۆدانی هێزەکانی یەپەگە، یەپەژە و هێزەکانی پاراستنی جەوهەری و ئاسایشی گەل سڵاو دەکەم، داوا لە جەماوەر دەکەم پشتگیری بەرخۆدان بکەن."

(ش ب)