که‌لار، بۆ ٢ ڕۆژ چالاکی ئێشکگرتن بۆ ئازادی ئۆجالان بەڕێوەدەچێت

13:01

ژنها

کەلار - له‌ درێژه‌ی هه‌ڵوێست و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ دژی گۆشه‌گیرکردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێبه‌ری په‌که‌که‌، سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ ده‌ستپێشخه‌ری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان له‌ شارۆچکه‌ى که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان چالاکی ئێشکگرتن ده‌ستی پێکرد.

کاتژمێر١٠ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌ پارکی له‌یلا قاسم له‌ شارۆچکه‌ی که‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌ ده‌ستپێشخه‌ری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و به‌ به‌شداری به‌شێکی زۆر له‌ لایه‌نه‌سیاسییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، له‌ دژی ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی که‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵ و نیوێکه‌ ده‌وڵه‌تی تورک له‌سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، چالاکی ئێشکگرتن بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ ده‌ستی پێکرد.

سه‌ره‌تای چالاکییه‌که‌ به‌ خوله‌کێک وه‌ستاو بۆ ڕێزگرتن له‌ خوێنی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان ده‌ستی پێکرد، پاشان له‌لایه‌ن مهاباد فایه‌ق به‌یاننامه‌ی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان خوێندرایه‌وه‌ و تیایدا هاتبوو:" ژنانی ئازادی خواز و جەماوەری وڵاتپارێز، ماوەی ساڵ و نیوێکە بە دەستی دەسەڵاتداری کۆشک لە تورکیا گۆشەگیریەکی توند لەسەر رێبەر ئاپۆ سەپێنراوە، کردەوە فاشیزمانە و دکتاتۆرانەی "ئاکەپە"، رێگەی بەڕووی هەموو جۆرە کودەتا، کۆمەڵکوژی و نەژادکوژیێک کردەوە، لە دواین جاریش لەگەڵ ئەو کودەتا سەربازیەت لە ١٥ی تەمموزدا لە تورکیا ئەنجامدرا، قۆناخێکی نوێی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد دەستی پێکرد. ژیان تەندروستی و ئاسایشی رێبەر ئاپۆ کەوتۆتە ژێر مەترسی".

پاشان یوسرا ڕه‌جه‌ب هاوسه‌رۆکی هه‌رێمی گه‌رمیانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان وته‌یه‌کی پێشکه‌شکرد و وتی:" گۆشه‌گیرکردنی ڕێبه‌ری ئاپۆ هیچی که‌متر نییه‌ له‌ ئه‌نفال کردن که‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا هات، ڕێبه‌ر ئاپۆ ته‌نها ڕێبه‌ری گه‌لی کورد نییه‌ به‌ڵکو ڕێبه‌ری هه‌موو گه‌لانی ئازادیخوازی دونیایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو تاکێکی ئازادیخواز له‌ چالاکیدابێت بۆ ئازادکردنی ڕێبه‌ر ئاپۆ".

دواتر بەیاننامە و پەیامی مه‌ڵبه‌ندی ١١ی ڕێکخستنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ گه‌رمیان، مه‌کۆی که‌لاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمیته‌ی محه‌لی گه‌رمیانی حزبی شوعی کوردستان، پێشکەش کران.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی چالاکییه‌که‌دا وته‌ی هه‌ریه‌که‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی گه‌شه‌پێدانی لاوانی کوردستان پێشکه‌شکران و تیایدا جه‌ختیان له‌ ئازادی عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێبه‌ری په‌که‌که‌ کرده‌وه‌.

(ش ب)