دوای ئەوەی داوای هاوکاری کرد، هەڕەشە لە کەناری ٢٠ ساڵان دەکرێت
10:10
ژنها
سلێمانی – دوای ئەوەی کچێکی شاری سلێمانی بەناوی کەنار تەمەن ٢٠ ساڵان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەلایەن ژنێکی خێرخێوازەوە وێنەکەی بڵاوکرایەوە کە گوزەرانیان لە خراپترین ئاست دایە، هەڕەشەی لێدەکرێت.
کەناری ٢ ساڵان كە لە شاری سلێمانی دەژی و دایكی بە دەست نەخۆشیەكی قورسەوە دەناڵێنێت و دوو برای کەم ئەندامی هەیە. پێویستی هاوکاری مادییە بۆ چارەسەر کردنی دایکی، چونکە كرێچین و گوزەرانی ئابووریان خراپە. لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا خراپی گوزەرانی خۆی دەگێڕێتەوە و داوای هاوکاری لە هەموو رێکخراوە خێرخوازەکان دەکات. دوای ئەوەی لەو گرتە ڤیدیۆیە دەرکەوت هەندێک لە پیاوانی دەوروبەری کچەکە هەڕەشەیان لێکردوە و پێیان ڕاگەیاندوە هەرچی زووە دەبێت وێنە و گرتە ڤیدیۆکانی لە سەر پەیجەکان بسڕێتەوە.
بەهرە حەسەن، ئەو ژنە خێرخوازەی گرتە ڤیدیۆ ناخ هەژێنەکەی بڵاو کردەوە لەو بارەیەوە بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند: "دوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆکە، گرفتی زۆر بۆ ئەو کچە هاتۆتە ئاراوە، هەندێک لە پیاوانی دەوروبەری و خانەوادەکەی کێشەیان بۆ دەرخستووە و هەڕەشەی لێدەکەن."
ناوبراو جەختیشی کردەوە: "بە هۆی ئەوەی ئەو کچە هەڕەشەی لێکراوە و پێی ڕاگەیاندراوە لەسەر پۆستەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆی دەنوسرێت 'چۆن خۆت ڕیسوا کردوە، ئەوە پێویستی بە هاوکاری نیە'، ئەو خەڵکەی دەیانەوێت هاوکاریشی بکەن، پاشگەز دەبنەوە و ئەمەش جێگەی نیگەرانیە."
بەهرە لە بەشێکیتری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بە هۆی ئەو هەڕەشەیەی لەسەریەتی مەترسی لەسەر ژیانی دروستبووە.
(ش ب)