دایکانی شەهیدان لە کەرکوک: دەبێت ئۆجەلان بەزووترین کات ئازاد بکرێت
10:04
ژنها
کەرکوک – دایکانی دوو شەرڤانی شەهید لە شاری کەرکوک دژ بە گۆشەگیری سەر ئۆجالان ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن و داوای هەرچی زووە هەڵگرتنی گۆشەگیری دەکەن.
ماوەی ١٧ ساڵە عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە لە گرتوخانەی ئیمڕاڵی گۆشەگیر کراوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئێستا ڕێگە بە پارێزەران و کەسوکاری نادرێت چاویان بە ئۆجالان بکەوێت هاوکات لە دوای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ٢٠ی تەمموز گەلی کورد نیگەرانە لە دۆخی رێبەرەکەی، دایکانی دوو شەرڤانی شاری کەرکوک کە لە ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان بەختکردوە، لەو بارەیەوە ڕوانینی خۆیان هێنایە زمان.
دایکی شەهید ئاشنە خالید ناسراو (سەربەست) وێڕای ئیدانەکردنی نیگەرانی خۆی هێنایە زمان لە سەر هەلومەرجی ژیانی ئۆجالان و وتی: "من وەک دایکی شەهید هەڵوێستی خۆم دیاردەکەم لە بەرامبەر گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ، ئەوە ماوەی ١٧ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە گرتوخانەدایەو ماوەی دوو ساڵە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ناکرێت. داواکارم چیت ئەو گۆشەگیریەی سەر ڕێبەر ئاپۆ نەمێنێت."
دایکی شەهید سەربەست داواشی لە سەرکردەکانی کوردستان کرد کە خاوەن هەڵوێستێکی جددی بن و بێنە سەر خەت و درێژەی بە قسەکانی دا: "دەبێت هەموو سەرکردەکانی کوردستان هاودەنگ بن، هاوهەڵوێست بن بۆ ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ."
هاوکات لەسەر ناوی دایکی شەهیدان سڵاو و رێزی خۆی نارد بۆ ئۆجالان و وتی: "وەک دایکی شەهیدان سڵاو و ڕێزمان هەیە بۆ ڕیبەر ئاپۆ و هیوادارین ئەو ڕۆژە بێت کە ئازاد ببێت و بگەڕێتەوە."
هەروەها دایکی شەهید ئامانج حەمید ناسروا بە (ئامەد قامیشلۆ) لە شاری کەرکوک ناڕەزایی خۆی دەربڕی لەسەر گۆشەگیری سەر ئۆجالان و وتی: " وەک دایکی شەهید ئامەد داوای ئازادی ئۆجالان دەکەم، دەبێت هەر گیراوێک سەردانی بکرێت تا ئێستا نەبووە گیراوێک بینینی کەسوکاری لێ قەدەغە کرابێت، چۆن دەبێت؟ تورکیا ئیدانە دەکەم. وەک دایکی شەهیدێک داوا دەکەم هەرچی زووە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت و دیداری لەگەڵ سازبکرێت."
دایکی شەهید ئامانج بانگەوازی لە هەموو دایک و باوکی شەهیدان و بەگشتی خانەوادەی شەهیدان کرد کە خاوەنداری لە ئۆجالان بکەن و جەختی کردەوە: "داوا لە دایک و باوکی شەهیدان بە تایبەت دەکەم خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئازاد بکرێت و لە گرتوخانەی ئیمڕاڵی ئازاد ببێت.
(ش ب)