کەلار، چالاکی ئێشکگرتن بۆ ئازادی ئۆجالان کۆتایی هات

10:13

ژنها

کەلار – چالاکی ئێشکگرتن بۆ ئازادی ئۆجالان کە بەدەستپێشخەری رێکخراوی ژنانی ئازاد لە کەلار ماوەی دوو ڕۆژ بەرێوەچوو کۆتایی هات.


ڕۆژی یەكشەممە بە دەستپێشخەری ڕێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (رژاک)، و بە هاوكاری ئەنجومەنی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگای كوردستان و كۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی كوردستان، لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان چالاكی ئێشكگرتن بۆ شەرمەزاركردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەكەكە، دەستی پێکرد، كاتژمێر٥ ی ئێوارەی دوێنێ لە دووەمین ڕۆژی خۆیدا چالاكییەكە كۆتایی هات.

لە كۆتایی چالاكییەكەدا ژینۆ حەمەڕەشید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری(رژاک) وتەیەكی پێشكەشكردو وتی:"بۆ شەرمەزاركردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان ئێمە لەهەموو شارو شارۆچكەكانی باشوری كوردستان چالاكی ڕێكدەخەین، چونكە ئازادی ڕێبەر ئۆجالان ئازادی گەلی كورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئێمەش وەك ژنان و وەك ڕێكخراوی ڕژاك خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان".


پاشان بەیان فەرەج ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لە باشوری كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی:"وەكو كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان لە باشور ئەو پلانگێڕییە چەپەڵە شەرمەزار دەكەین، فكر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بوو كە گەلێكی لە نەبوون هێنایە سەرپێ و ئەمڕۆ كەوتووەتە بەرچاوی هەموو دونیا".

(ش ب)