"گەر ناتانەوێت ببن بەشێک لە پیلانگێری هەڵوێستی خۆتان ئاشکرا بکەن"

09:54

ژنها

هەولێر – تارا حوسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ڕادەگەیەنێت، گەر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان نایانەوێت ببن بە بەشێک لەو پلانگێڕیە سیاسیەی لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت دەبێت بەزووترین کات هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن.

دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری جەرابلوسی باکوری سوریا، کە خاوەن تایبەتمەندی ستراتیژیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کانتۆنەکان، هەڵسەنگاندنی جۆر بە جۆر لەسەر ئەو هێرشە پێشکەوت و هەندێکیشیان ئاماژەی بە پلانێکی مەترسیدار دەکەن دژ بە دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستانی تێوە گلاوە.

تارا حوسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و جێگری هاوسەرۆکایەتی، پیلانگێریە مەترسیدارەکەی بۆ ژنها هەڵسەنگاند.

تار حوسێن وتی: "دەسکەوتەکانی گەلەکەمان بە خوێنی هەزاران گەنجی ئەم وڵاتە بەدیهاتوون، بەتایبەتیش ئازادکردنی منبج کە هەنگاوێکی مەزنتر بوو بۆ بەرفراوان کردنی ستاتۆی ئازادکراو،ئەمەش هەمووانی ناچار بە ملکەچ بوون دەکرد بەرامبەر بە خواستەکانی گەلی کورد و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان."

ناوبراو جەختیشی کردەو: "بە گشتی لێرەوە دوژمنانی کورد و هێڵی بە کرێگیراوی ناو کوردیش بە تەواوی نیگەران بوون، دەستپێشخەری پێشگرتنی لەلایەن تورکیای ئاکەپەوە دەستی پێکرد بۆ داڕشتنی پلانگێڕیەکی مەزن بۆ لە باربردنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان. هەر بۆیەش خودی ئەردۆغان پەنای بۆ هەموو یار و نەیارەکانی بردوە، لەو چوارچێوەیەدا پێویستی بە هاوکاری خودی کوردیش هەیە، بەڵام کام کورد؟ ئەو کوردەی هەمیشە مێژووی خۆی دووبارە دەکاتەوە، بە دەستتێوەردانی نەریتی هاوکاری داگیرکەران."

تارا حوسێن وتیشی: "ئەنجامی ئەو پیلانگێریە نوێیە هەرچیەک بێت، بەر لە هەر دوژمن و داگیرکەرێک، ئەو هێڵە بەرپرسیاری یەکەمینە کە ئەمڕۆ لەم دۆخە هەستیارەدا لە بڕی ڕێکخستنی ناو ماڵی کوردی دەست دەخاتە ناو دەستی دوژمن."

تارا حوسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کە دوژمنان و ناحەزانی کورد چەندەش دژبەری یەکتری بن کاتێک مژار دەبێت بە کورد، ناکۆکیەکانیان بەلایەکەوە دەنێن و یەک هەڵوێستن و ئامادەن پێکەوە دانیشن. ناوبراو وتیشی: "پێویستە هەموو لایەنەکانی باشوری کوردستان بە زووترین کات هەڵوێستی ڕوونی خۆیان ئاشکرا بکەن گەر نایانەوێت ببن بە بەشێک لەو پلانگێڕیە سیاسیەی لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت."

(ش ب)