"ئەو داوای ئازادی کردوە ئێمەش داوای ئازادبوونی دەکەین"
10:10
ژنها
دووبز – مامۆستا سۆزان، لە شارۆچکەی دووبز گۆشەگیری سەر ئۆجالان ئیدانە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەرکی ئازادکردنی ئۆجالان لە ئەستۆی هەموو کوردێک دایە.
گۆشەگیری توندکراوی سەر ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە بۆتە هۆی ئەوەی ماوەی زیاتر لە ساڵێک زانیاری لەسەری نەزانرێت کاردانەوەی توندی گەلی کوردی لێدەکەوێتەوە، بەر لە هەمووانیش ژنان نیگەرانن لەو دۆخە.
لە میانەی بەشداری کردنی لە سمینارێکی تایبەت بە ڕەوشی ئۆجالان و ڕۆڵی ئەو دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مامۆستا سۆزان لە قەزای دووبزی سەر بە شاری کەرکوک ڕووانین و سەرنجەکانی خۆی بۆ ئاژانسەکەمان خستەڕوو.
مامۆستا سۆزان وتی: "من وەک مامۆستایەک و وەک ژنێک لە شاری دووبز داوا دەکەم کە ئەو گۆشەگیریەی لە سەر ڕێبەر ئاپۆیە هەڵبگیرێت، چونکە ڕێبەر ئاپۆ رێبەری هەموو کوردە، هەمیشە داوای ئازادی کردوە ئێمەش داوای ئازادی بۆ ئەو دەکەین."
سۆزان لەسەر ئەو هەڵمەتەی بۆ ئازادی ئۆجالان لە هەر کوردستان و وڵاتانی دەرەوە دەستی پێکردوە بەرز نرخاند و وتی: "دەستخۆشیان لێدەکەین، ئێمەش ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتیەک، بۆ ئەوەی بتوانین سەرۆک ئاپۆ ئازاد بکەین."
ناوبراو لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "دەبێت لە هەرچوارپارچەی کوردستان خاوەن یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین، بۆ ئەوەی خەونی چەندین ساڵەی گەلی کورد بەدیبێت، چونکە کات کاتی ئەوەیە."
مامۆستا سۆزان، لە گۆڕینی ئەقڵیەتی پارچەگەرایی ڕۆحی نەتەوایەتیش ئاماژە بە ڕۆڵی ژنان دەکات و لە کۆتایشدا وتی: "ژنان لە توانایاندا هەیە زیاتر بێنە کایەکانەوە، چونکە ژنان شادەماری هەموو شۆڕشێکن بۆیە زیاتر ڕۆڵیان هەیە لە ئازادکردنی کۆمەڵگە و هیچ شۆڕشێک بێ ژن سەرناگرێت."
(ش ب)