هاواری ژنان لە "دەنگی بێدەنگی"دا

10:20

حیکمەت تونچ/ ژنها

وان – ئاسیا خەرزان کە هەر لە منداڵیەوە دووچاری کۆچبەری هاتوە کتێبێکی شیعری بەناوی "دەنگی بێدەنگی" بڵاوکردەوە.

ئاسیا خەرزان، لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی "قۆرخ" سەربە ناوچەی بەشیریەی شاری ئێله-ی باکوری کوردستان چاوی بە دونیا هەڵێناوە، ئاسیا ژنێکی ئێزیدیە، بە هۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٥ موسلمانێتی ڕەتدەکەنەوە، نزیکەی ٤٠-٥٠ خانەوادە دووچاری کۆچبەری دەبنەوە بۆ دەرەوەی وڵات و ڕوو لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکەن.

ئاسیا لە تەمەنی ٩ ساڵان دا کۆچبەری و نەهامەتی دەبێتە بەشێک لە ژیانی، ماوەی ٣١ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت.

وەک خۆی دەڵێت: دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەم لە مێژووی خۆم زیاتر درکم بە سیاسەتی کۆچبەر کردن کردووە. هەربۆیە لێکۆڵینەوەی لە کەلتور و ئەدەبی ژنانی هەرێمەکەی دەکات و دەست دەکات بە نوسینی شیعر. ئاسیا سەرجەم بەرهەمە ئەدەبیەکانی لە کتێبی (دەنگی بێ دەنگی) کۆدەکاتەوە.

"تا دەنگی ژنان دەبیسرێت، هەر هاوار دەکەم"

ئاسیا لە بارەی پەرتوکەکەی وتی: "هەر کە دەنوسم، زیاتر هێز دەگرم، ماوەی ساڵێکە کار لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێبەکەم دەکەم، بەڵێنم داوە تا دەنگی ژنان دەبیسرێت، هەر هاوار دەکەم، وەک هاواری دایکێک کە جەرگی سوتاوە، کە ڕۆڵەکەی لە دەستداوە، دەمەوێت ببم بە هاواری ئەو ژنانەی دەستدرێژیان دەکرێتە سەر و دەکەونە بەر گەردەلولی بێرەحمی."

"دەبێت ژنان خاوەنداری لە زمانی خۆیان بکەن'

ئاسیا بەو شێوەی باس لە گرنگی نوسینی شعیر بە زمانی کوردی دەکات: کتێبی (دەنگی بێدەنگی) کە بەزمانی کوردی نوسیویمە، خاوەن ڕەنگ و ناوەرۆکی ڕەسەنی کوردیە، چونکە من دەمەوێت لە شیعرەکانم دا، ژیان ببەخشم بە ئەشق و خۆشەویستی ژێردەست، بۆیە بێدەنگ نابم و هۆکاری بێدەنگ نەبوونیشم زۆرە."

ئاسیا لە کۆتایشدا باسی لەوە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان لە ناو سیستەمێکی کۆیالایەتی قوڵ دەژین و لە ئەوروپاش بەناوی ئازادی ساختە، ژنان دەخرێنە ژێر گوشارەوە."

(ش ب)