سەردانی ئەندامانی گروپی دایکانە بۆ لای دایکی شەهید فەرزاد کەمانگەر
11:35
ژنها
ناوەندی هەواڵ – دایکی فەرزاد کەمانگەر لە میانەی پێشوازی کردن لە دایکان ڕایگەیاندوە: گۆڕی فەرزاد لە دڵم دایە.
ئەندامانی گروپی دایکانە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی دایە سەڵتەنە دایکی شەهید فەرزاد کەمانگەریان کرد.
شوعلە پاکڕاوان یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە لە ڕاپۆرتێکیدا لە سەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی بڵاوی کردۆتەوە کە گروپێک لە دایکان سەردانی دایکی شەهید فەرزاد کەمانگەریان کردوە هەروەها دەڵێت: دایکی فەرزاد ژنێکی سەربەرز و خۆڕاگرە، هەرچەند ژنێکی جگەر سوتاوە، بەڵام کەس نەیتوانوە ملکەچی بکات. کاتێک پرسیارمان لێکرد ئایا دەزانی گۆڕی فەرزاد لە کوێیە؟ دایکی فەرزاد دەستی لە سەر سنگی داناوە و وتویە؛ لە دڵم دایە، فەرزاد لە دڵی ملیۆنان ئێرانیدا جێگەی خۆی کردۆتەوە، بۆیە فەرزاد پێویستی بە گۆڕێک نیە."
شوعلە باس لەوەش دەکات کە بە دایکی فەرزادی وتوە چەند ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانی فەرزاد و هاوڕێکانی ڕێحانەی کچم شتێک لە بەرپرسانی گرتوخانە بیستووە و ئەوەشی بۆ من باس کردبوو کە شیرین عەلەمهولی کە لە بەندی ژنانی ئەوین دابوو بردوویانە بۆ گۆڕەپانی لە سێدارەدان دوای ئەوەی ناگەڕێتەوە ڕێحانە لە بەرپرسیاران پرسیار دەکات کە لە کوێیە؟ بەرپرسیارەکەش وتویە: "کە فەرزاد بەر لە سێداردانی دا زۆر لەسەر کەیسەکەی گفتوگۆی کردوە و ئەو کاتە شرینیش بە دەنگی بەرز هاواری کردوە کە بە ئارامی بچن بۆ بەر پەتی سێدارە. دوای ئەوەش سرودی نەتەوەیی دەخوێننەوە و بەو شێوەیە پەت دەخەنە ملیان و لە سێدارەیان دەدەن." بەرپرسیارەکە بە ڕێحانەی وتوە: بەر لە هەمووان کورسی ژێر پێی شرینیان لابردوە.
لە ٩ی مانگی گوڵانی ٢٠١٠ دا پێنج چالاکی سیاسی و مەدەنی"فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەكیلی، عەلی حەیدەریان و مەهدی ئیسلامیان"به بێ ئاگاداری بنهماڵه و پارێزهرانیان له گرتووخانەی ئەوین لە شاری تاران له سێداره دران.
(ش ب)