کۆڵۆمبیا لە چاوی گەریلا و ڕۆژنامەوانێکی ژن

12:09

ژنها

ناوەندی هەواڵ – ڤیکتۆریا ساندینۆ (تەمەن ٥١) فەرماندە و ڕۆژنامەوانی گەریلاکانی (فارک) لە کۆڵۆمبیا دوای ٢٩ ساڵ ژیانی گەریلایەتی بڕیارە دوای پەسند کردنی پەیماننامەی ئاشتی بگەڕێتەوە کۆڵۆمبیا و بۆ ئەوەش زۆر دڵخۆشە.

شەڕی وڵاتی کۆڵۆمبیا لە نێوان حکومەت و هێزە شۆڕشگێرەکان(گەریلاکانی فارک) دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ بە ئاشتی کۆتایی هات، فەرماندەی گەریلا ڤیکتۆرا ساندینۆ کە بەشداری ناو ڕیزی هێزە شۆڕشگێرەکانی کۆلۆمبیا بووە ڕادەگەیەنێت: بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەماندا هەندێک گۆڕانکاری بێنە ئاراوە بەشداری ناو تێکۆشانم کرد و لە کۆتایشدا باوەڕم بەوە هەیە کەسەرکەوتووین.

لە ٣٠% هێزی گەریلای (فارک) لە ژنان پێکهاتووە، ژنان بەشێوەیەکی چالاک بەشداریان کرد لە پرۆسەی دانوستانەکاندا. بەڵام کاتی واژۆکردنی پەیمانی ئاشتی پیاوان دەرکەوتنە پێش ئەوەش بوو بە بابەتێکیتری گفتوگۆ. یەکێک لەو ژنانەی بەشداری پرۆسەی ئاشتی و دانوستانەکانی کرد ڤیکتۆریایە و لەبارەی ئەو قۆناغەی پێی گەیشوتون بۆ ئاژانسەکان قسەی کرد.

فەرماندە ڤیکتۆریا تەمەن ٥١ ساڵان خۆشحاڵە بەوەی پەیماننامەی ئاشتی لە نێوان هەردوو لا واژۆ کراوە و وتی: "بۆ وڵاتەکەم پێویست بە هەرچیەک بکات ئامادەم، ئەو کات پێویست بوو ببم بە گەریلا، چونکە پێویست بوو هەندێک گۆڕانکاری لە وڵاتەکاماندا ئێستاش دەستمان کردوە بە قۆناغێکی نوێی دانوستان و لە ئەنجامدا پەیماننامەی ئاشتیمان واژۆ کرد، زۆر خۆشحاڵم بەو هەنگاوە مێژووییە، پێم وایە سەرکەوتووین."

ڤیکتۆریا باس لە سەرەتای پەیوەست بوونی خۆی بە گەریلاکانی (فارک) دەکات و دەڵێت: "کاتێک بڕیارم دا ببم بە گەریلا، هاوڕێیەکم هەبوو پێم وت: بڕیارم داوە لە ناو دارستاندا ون ببم، چونکە بەڕاستی پێویستی بە هەندێک گۆڕانکاری ڕیشەیی هەبوو لە وڵاتەکەماندا".

ناوبراو لە بەشێکیتری وتەکانیدا وتی: "بەش بە حاڵی خۆم ژیام، ژیانێکی تێروتەسەل، لە هیچ شتێکیش پەشیمان نیم، هەست دەکەم ژنێکی بەهێز، زانا و گەشم، بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە کۆڵۆمبیا ئارامیم نەماوە، ماوەی ٢٩ ساڵە چاوم بە وڵاتەکەم نەکەوتوە."

ڤیکتۆرا ساندینۆ، لە زانکۆی بۆگۆتا بەشی ڕۆژنامەگەری تەواو کردوە، دوای ئەوەی ماوەیەک کاری ڕۆژنامەوانی دەکات لە ساڵی ١٩٩٠ دوای ئەوەی خواحافیزی لە کەسوکاری دەکات بەشداری ناو گەریلاکانی (فارک) دەبێت، لە ساڵی ٢٠١٣وە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری دەکات لە پرۆسەی دانوستانەکای نێوان هەردوو لا. بە هۆی شەڕ و پێکدادانەکان چەندین جار بنەماڵەکەی دووچاری کۆچبەری بوونەتەوە.

(ش ب)