نەخۆشخانەی جزیرە بریندارانی مەدەنی وەرناگرێت
12:23
ژنها
شرناخ – لە هێرشی سەر لە بەیانی ئەمڕۆدا لانی کەم ١٢ پۆلیس کوژران و ٩٠ پۆلیسیش بریندارە کە برینی ٧٠یان سەختە.
دژ بە ناوەندی بەڕێوەبەری هێزەکانی پۆلیسی جزیرە و خاڵی پشکنینی پۆلیس بە ئۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو چالاکی تەقینەوە ئەنجامدرا، دەوترێت لە ئەنجامی ئەو چالاکیەدا ژمارەیەکی زۆر پۆلیس کوژراون.
بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٦:٤٠ خولەک لە شارۆچکەی جزیرە سەر بە شاری شرناخ دژ بە ناوەندی بەڕێوەبەری هێزەکانی پۆلیس بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو چالاکیەک ئەنجامدرا.
لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا زیاتر لە ١٢ پۆلیس کوژراون و ٩٠ پۆلیس بریندارە کە برینی ٧٠یان زۆر سەختە، بەهۆی سەختی و دەنگی زۆری تەقینەوەکە جامی ماڵەکان لە گەڕەکەکانی نوور، جوودی، کۆناک و دیجلە شکاون.
ژمارەیەکی زۆر ئامبوڵانس و ئاگرکوژێنەرەوە رەوانەی ناوەندی بەڕێوەبەری پۆلیس کراون و پاش تەقینەوەکە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلە زرێ پۆشەکان بەرەو شوێنی تەقینەوەکە بەرێکەوتوون.
بەڵام ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە بێجگەلە بارەگای پۆلیس سێ باڵاخانەیتریش کە نزیکی ناوەندی پۆلیس بوونە ڕووخاون و بە هۆیەوە ژمارەیەک هاولاتی بریندار بوونە، بەڵام نەخۆشخانەی گشتی جزیرە هاوڵاتیانی بریندار وەرناگرێت.
لەوبارەیەوە ئەڵماس تانیش ژنێکی ٥٠ ساڵانە بە هۆی ئەوەی ڕێگەی پێنەدار بچێتە ناو نەخۆشخانە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ئامەد کرا.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زیاتر ببێت، چونکە تەرمی زۆر لە ژێر داروپەردوە ڕوخاوەکان دا هەن و برینی زۆربەی پۆلیسەکانیش سەختە.
(ش ب)