بێریتان ڕووکەن: ئازادکردنی ژنان لە موسڵ بە ئەرکی خۆمان دەزانین
09:52
شەنگار برادۆست / ژنها
کەرکوک – فەرماندەیەکی یەژاستار لە کەرکوک ڕادەگەیەنێت: لە بەرامبەر هەر هێرشێک لە باشوری کوردستان لە ئامادە باشی داین و دەمانەوێت ژنانی موسڵیش وەک ژنانی شەنگال ئازاد بکەین.
بێریتان ڕووکەن فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی ئازاد (یەژاستار) لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسەکەمان وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگی دایەوە.
بێریتان بەر لە هەر شتێک لەسەر ناوی گەریلاکانی یەژاستار لە باشوری کوردستان، سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدانی دیلۆک کرد، ناوبراو وتی: "لێرەوە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە بە کەسوکاریان و گەلی کورد رادەگەیەنین، کۆمەڵکوژی دیلۆک بەردەوامی کۆمەڵکوژیەکانی ئەنقەەرە، جزیرە و پیرسوسە، وەڵامی دەستپێشخەری ئاشتیانەی کەجەکە بوو، وەڵامی چالاکی فیدایی ئەلعەزیز بوو، ئاکەپە لەبەرامبەر گەریلا شکستی هێناوە بۆیە هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج."
هاوکات جەختیشی کردەوە: "بە قۆناغێکی زۆر هەستیار تێپەڕ دەبین، گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بە هیچ شێوەیەک پەسند ناکەین، تا ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، واز لە چەک و چالاکیەکانمان نا هێنین، چونکە ڕێبەر ئاپۆ هەبوونی ئێمەیە. دەبێت هەموومان خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئاپۆ بکەینە مەرج، داوا لە جەماوەر دەکەم چالاکیەکانیان گوڕتر بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری، چونکە ئەوەی ئێمەی بەو قۆناغە گەیاندوە ڕێبەر ئاپۆیە"
بێریتان ئاماژەی بە هێرشی سەر ڕاگەیاندنی ئازاد کرد و وتیشی: " نابێت بە هیچ شێوەیەک هێرشی سەر ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانان قبوڵ بکرێت. "
ناوبراو ئاماژەی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد بۆ سەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەو شێوەیە بەردوام بوو: "چونکە گەلی کورد لە ڕۆژائا بۆتە خاوەن ستاتۆی خۆی ئەوەش وەک مەترسیەک دەبینن و بۆ ئەوەی بتوانن بە ڕەوای بکەن پێویست بە بەستنی هاوپەیمانی دەبینن. سەرەتا بە هێرشی سەر کۆبانێ دەستیان پێکرد، بە سەرکەوتنی هەڵمەتی ئازادکردنی منبج جارێکیتر ئاشکرا بوو کە هیچ هێزێک ناتوانێت رووبەڕووی هێزی کوردان ببێتەوە. بە ئامانج گرتنی فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوسیش نیشانەی ئەوە بوو کە چیتر نەیانتوانی بەرگەی پێشڤەچوونی کوردان بگرن."
لە بوونی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە هەرێمی کوردستان فەرماندەی بێریتان وتی: "وەک هێزەکانی هەپەگە و یەژاستار هیچ جیاوازیەکی نیە بۆ ئێمە لە کوێی ئەو وڵاتە مەترسی لەسەر گەلەکەمان هەبێت ئێمە لەوێین. بۆ ئێمە ئەرکێکی شۆڕشگێڕیە، لە کەرکوکدا خۆمان بەخاوەنی پێگەیەکی گرنگ دەبینین، ئێمە لە ئامادە باشیداین بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی داعش، تا ئێمە لێرەبین و تا ئێمە بمێنین رێگە نادەین هیچ هێرشێک بۆ سەر گەلی کەرکوک و گەلەکەمان لە باشوری کوردستان ئەنجام بدرێت."
بێریتان ئاماژەی بەوەشدا کە پەدەکە نایاوێت هێزەکانیان لەو هەرێمانە بمێننەوە، بەڵام ئەوان بە گوێرەی ویستی هیچ هێز و پارتێک لەوێ نین بۆیە بە خواستی ئەوانیش ناجوڵێنەوە، دووپاتیشی کردەوە: "مانەوەی ئێمە لێرە بۆ گەلەکەمان و بۆ ئێمەش گرنگە، هێرش بۆ سەر هەر دەڤەرێک لە باشوری کوردستان ئەنجام بدرێت، وەک گەریلا لەوێ دەبین، هەڵوێستی پەدەکە هەمان ئەو پلانەیە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاکەپە بەڕێوەی دەبەن. چونکە وەک دەبینین لەناو هاوپەیمانیەکی قوڵدان. کەرکوک خاوەن ستراتیژی و گرنگی زۆرە بۆیە بە درێژایی مێژوو ناکۆکی لەسەر ئەو شارە هەبووە، ئێستاش حکومەتی ئاکەپە لەلایەک و دەسەڵاتی پەدەکەش لەلایەک نایانەوێت لێرە بمێنینەوە، بەڵام وەک هێزێکی نەتەوەیی لە کەرکوک دەمێنینەوە."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئاخۆ وەک هێزەکانی گەریلا چ ئامادەکاریەکیان هەیە بۆ بەشداری کردن لە ئۆپراسیۆنی موسڵ فەرماندە بێریتان وتی: "ئامادەکاریمان هەیە، دەمانەوێت بەشداری بکەین لە هەڵمەتی ئازادکردنی موسڵ، هەرچەند هەندێک هێز نایانەوێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت وەک گەلی شەنگال گەلەکەمان لە موسڵیش ڕزگار بکەین."
بێریتان ڕووکەن فەرماندەی یەژاستار لە بەرەکانی جەنگ لە شاری کەرکوک، لە کۆتایشدا وتی: "لە شەنگال ژمارەیەکی زۆری ژنان لەسەر دەستی چەتەکانی داعش ڕفێندران، لە بازاڕەکانی موسڵ بە کۆیلە کران. وەک هێزەکانی یەژاستار دەمانەوێت یەکە بەیەکە ئازادیان بکەین. تا یەژاستار هەبێت هیچ ژنێک بە ژێردەستی نامێنێتەوە، لە کۆتایشدا بانگەوازی لە گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەکەم هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەو سیاسەتەی دەسەڵاتداران لە باشوری کوردستان کە خزمەت بە نەیاران دەکات."
(ش ب)