پەرێز عومەر: ژنانی ڕۆژهەڵات پێویستیان بەیەکگرتن هەیە

09:27

ژنها

سلێمانی – پەرێز عومەر ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە) ڕایگەیاند: ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیان بە یەکگرتن و هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانج.

پەرێز عومەر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی کوردستان(کەنەکە) دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

پەرێز عومەر وتی: "وەک کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە بەڵگەنامەی ستراتیژی ژنانی کوردمان هەیە، کە لەساڵی ٢٠١٢ دا نوسراوە، پێمان وایە پێویست دەکات بەدواداچوون و گۆڕانکاری لەو بەڵگەنامەیەدا بکرێت، بۆ ئەوەی دەوڵەمەندتر بکرێت، بۆ ئەوەش لەگەڵ بەشێک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبووینەوە و گفتۆمان لەبارەی دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، باسمان لە پێویستی یەکگرتنی ژنانی کوردستان بە گشتی و تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، بەگشتی چەندین تەوەرەی وەک پرسە نەتەوەیەکان و پرسەکانی ژنانمان تاوتوێ کرد."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "ئەمە یەکەم کۆبوونەوە بوو لەو شێوەیە بەڕێوەبچێت بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دەبێت بەردەوامی بەو خەباتە بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەڵگەنامەی ستراتیژی ژنانی کورد زیاتر دەوڵەمەند بکەین."

لەسەر چۆنێتی پێشوازی کردن لەو بەڵگەنامەیەدا پەرێز وتی: "سەرجەم ژنان پێویستی یەکگرتن و گرنگی ئەو بەڵگەنامەیە دەزانن، بۆیە بە گەرمی پێشوازیان لەو هەنگاوە کرد. هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی دەبێت دەستکاری بەڵگەنامە بکرێت، هاوکات لەسەر بنەمای یەکگرتن ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەو خەباتە بەردەوام بن."

پەرێز عومەر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە کۆتایشدا وتی: "هەموو شتێک لە ئەنجامی تێکۆشان بەدیدێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بگەین بە ئامانج."

(ش ب)