" با بەیەکێتی ژنان کاریگەری سیاسەتی پارچەبوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بسڕینەوە"
12:58
ژنها
ڕانیە – ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنن بە یەکگرتووی هێزی ژنان دەتوانین بەرەو ئازادی هەنگاو بهاوێژین و کاریگەری سیاسەتی پارچە بوون و حزبایەتی لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بسڕینەوە.
ژمارەیەک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشداریان لە کۆبوونەوەی دوێنێی تاوتوێ کردنی بەڵگەنامەی ستراتیژی ژنانی کورد کرد لە شاری ڕانیە، لەسەر گرنگی هاودەنگ بوونی ژنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی سەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
"چارەسەری کێشەکانی ژنان بە ئازادی ژن تێپەڕ دەبێت"
بێریتان ڕۆژهەڵات لەو بارەیەوە وتی: "هاتنە لای یەکتری ژنان، جێگەی خۆشخاڵیە، کاتێک گفتوگۆمان کرد لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە چارەسەری هەموو کێشەکان رێکخستن بوونی خۆمان و یەکگرتنمانە، چونکە تا خۆمان لە هەموو بوارێکەوە بەڕێکخستن نەکەین و خۆمان ئازاد نەکەین ناتوانین بیر لە ئازادی کۆمەڵگە بکەینەوە و بەرەو ئامانجمان هەنگاو بنێین.
"ژن زۆر لەوە گەورەترە کە بیری لێدەکرێتەوە"
هەروەها زەینەب حوسامی، پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی ژنان زۆر گرنگ و تایبەتە، هەم یەکگرتنەوەی ژنان دەسەلمێنێت بە تەواوی جیهان، هەمیش ئەوە پیشان دەدات کە ژن لەوە گەورەتر بیر دەکاتەوە، لەوەی بیری لێدەکرێتەوە، وتیشی: "دەبێت بەو کۆبوونەوانە پیشانی هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەین کە هەموومان لە پشتیانین، بۆیە لێرەشەوە بانگەوازی لە هەموو ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم کە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرهەڵبدەن تا بتوانین کۆتایی بە زوڵم و ستەم بێنین بۆیەش پێویست بە یەکێتی ژنان هەیە."
"دەبێت ژنانی چوار پارچەی کوردستان لەگەڵ یەک کۆببنەوە"
هاوکات لای خۆشیەوە ڕووکەن ڕۆژهەڵات لەسەر کۆبوونەوەی ژنان بۆ تاوتێکردنی بابەتێکی تایبەت بە خۆیان وتی: "هەرچەند یەکەم جار بوو ئەو کۆبوونەوەیە سازکرا و ژمارەیەکی زۆری ژنان بەشداریان نەکرد، بەڵام زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە. ژنان لە هەموو پێکهاتەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن گۆڕانکاری گەورە ساز بکەن و دەسپێشخەری بکەن بۆ یەکێتی نەتەوەی کوردان لە ڕۆژهەڵات، چونکە خاوەن ئەو هێز و توانایەن."
ڕووکەن لە کۆتایشدا بانگەوازی لە ژنان کرد و وتی: "حەز دەکەین زیاتر ڕەنگی ژنان لەو کۆبوونەوەیەدا ببینین، چونکە گەر ژنان هاودەنگ بن دەتوانرێت بڕیاری مەزنتر بدرێت."
"بە هاودەنگ بوون دەتوانین سیاسەتی پارچەبوون و حزبایەتی بسڕینەوە"
ئاوا ڕەحیمی، پێشمەرگەیەکیتری ژنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەخنەی توندی ئاراستەی لە بەشێک لە ژنان کرد کە بەشداریان نەکردوە لەو کۆبوونەوەیە. ناوبراو جەختی کردەوە: "ئەمە یەکەمین کۆبوونەوە بوو لەلایەن کەنەکەوە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز بکرێت، بەڵام سەرەتا ڕەخنەیەکم هەیە بۆ ژنان لەناو حزبەکانیتر چونکە بەشداریان نەکرد لەو کۆبوونەوەیەدا لە کۆبوونەوەشدا ئاماژەمان پێدا، چونکە هەر ژنێک خاوەن هزر و کاریگەری خۆیەتی. پێم وایە بەو کۆبوونەوانە دەتوانێت کاریگەری پارچەبوون و سیاسەتی دووژمنان کەم بکەنەوە لە ڕۆهەڵاتی کوردستان، بەڵام کات و هەوڵی پێویستە. لە کۆتایشدا داوا دەکەم زیاتر بە باوەڕی خۆیانەوە ژنان بەرەو هاودەنگ بوون هەنگاو بنێن و بێنە گۆڕەپانی تێکۆشان."
(ش ب)