"دەبێت ژنانی باکورو ڕۆژئاوا بکەینە نمونەی تێکۆشانمان"

09:35

نها

دوبز – لێپرسراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لە شارۆچکەی دوبز ڕادەگەیەنێت، ژنان خۆیان یەکەم بەرپرسن لە پرسە بنبەستبوەکانی ژنان و بۆ تێکۆشانی خۆمان دەبێت ژنانی باکور و ڕۆژئاوا بکەینە نمونەی تێکۆشانمان.

ئەلفیە ئیبراهیم، لێپرسراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لە شارۆچکەی دوبزی سەر بە شاری کەرکوک، سەبارەت بە دۆخی ژنانی ناوچەکە بۆ ئاژانسەکەمان دوا، ناوبراو ڕایگەیاند: " ژنان زۆر بەکەمی بەشداری لە کۆڕ و چالاکیەکانی ژنان دەکەن، بۆیە ژنان خۆیان بەرپرسیارن لە هۆکارەکانی مانەوەی کۆتوبەندەکانی ناو کۆمەڵگە."

ناوبراو وتیشی: " بەگشتی بارودۆخی ژنان لە باشوری کوردستان لە خراپ بووندایە، هۆکارەکەشی زیاتر دەگەڕێنمەوە بۆ خودی ئێمەی ژنان، چونکە ئێمە زۆر هەلمان بۆ ڕەخساوە، بەڵام وەک پێویست کارمان بۆی نەکردوە، ژنان لە ماڵەکانی خۆشیان گەر بیانەوێت هەموو بڕگە و بابەتێکی هۆشیاری بەدەست دەخەن، تەنانەت لە لایەنی سیاسیشەوە خۆیان هۆشیار بکەنەوە، بۆیە هۆکاری سەرکی خۆمانین کە مافەکانمان بەو شێوەیە پێشێل دەکرێن."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە زۆربەی ژنانی ناوچەکەش توانا و ئەزمونیان هەیە لە خەباتە جۆراوجۆرەکاندا، بەڵام لەبەرامبەر بابەتەکانی ژنان کەمتەرخەمی دەنوێنین، بۆ نمونە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەمان هەیە ژنان زۆر بە کەمی بەشداری دەکەن لە کاتێکدا ئەو چالاکیانە بۆ هۆشیار کردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری ژنان ئەنجام دەدرێن.

ئەلفیە ژنانی ڕۆژئاوا و باکوری و کوردستانی بە نمونە هێنایەوە، ناوبراو جەختیشی کردەوە: "هیوادارم ژنانی باشوری کوردستان چاو لە ژنانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بکەن، لەوێ زۆربەی چالاکیەکان ژنان دەیکەن، ژنان هەمیشە لە سەر شەقام و لە بەردەم چاوی کامێراکانن بۆ ئازادی خۆیان و سەرۆکەکەیان. هیواخوازم ژنانی باشوریش وەک ئەوان هەڵسنە سەر پێ و بۆ ئازادی و مافەکانیان تێبکۆشن. دەبێت لە هەمان کاتدا هاوکار و هاوبەشی بکەین لە خەباتەکانی ژنان لە پارچەکانیتری کوردستاندا."

ئەلفیە ئیبراهیم لێپرسراوی یەکێتی ژنانی کوردستان لە دوبز، لە کۆتایدا وتیشی: "گەر بێت و ژنان لە کۆمەڵگەدا هۆشیار بن، هەموو کۆمەڵگە خوێندەوار و هۆشیار دەبێتەوە، تا ژن هەنگاو بەرەو ئازادی بنێن ئەوا کۆمەڵگەش زیاتر ئازاد دەبێت."

(ش ب)