ناوەندی هزر و ڕامانی ژنان ١٢١ پرسی ژنانی چارەسەر کردوە
10:30
فیدان/ ژنها
عەفرین – بەڕێوەبەری ناوەندی هزرو ڕامانی ژنان لە کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند، لەماوەی ٧ مانگدا ١٢١ پرسی ژنانیان چارەسەر کردوە.
جومانا حەمید، بەرێوەبەری ناوەندی هزرو ڕامانی ژنان لەکانتۆنی عەفرین، لە سەر کاروخەباتەکانی ناوەندەکەیان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
جومانا وتی: "ناوەندی هزرو ڕامانی ژنان لە عەفرین کار بۆ پرسەکانی ژنان دەکات لەو سنورە، کێشەکانی ژنان زۆر زیادیان کردوە، زۆربەشیان بە هۆی شەڕ، کۆچبەری و هەژاریەوە ڕوودەدەن. بۆ نمونە زۆربەی ئەو پیاوانەی ڕوویان کردۆتە دەرەوەی وڵات، هاوژینەکانیان لێرە ماونەتەوە و کێشەی زۆریان بۆ دروست دەبێت، هەروەها کاریگەری شەڕ و کەلتورەکانی دەرەوەی ناوچەکە زیاتر پرسەکانی قوڵتر و ئاڵۆزتر کردوەتەوە."
ناوبراو ئاماژەی بە هاتنی ئاوارە عەرەبەکان کرد بۆ عەفرین کە زۆرترین کێشە لەناویاندا ڕوودەدەن و جەختی کردەوە: "زۆربەی ئەو ئاوارە عەرەبانەی ڕوویان کردۆتە عەفرین کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندان، دەیانەوێت لێرە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە، بەر لە هەر شتێکیش بە جیابوونەوە لە هاوژینەکانیان دەست پێدەکەن، ئەوەش لە پیاوان ڕوودەدات نەک لە ژنان، ژنانی ئاوارەی عەرەب کە لە کامپ و خێوەتگاکان دەمێننەوە قوربانی پلەی یەکی شەڕ و ئاڵۆزەیەکانن."
جومانا ئەوەشی خستە ڕوو کە لەماوەی ٧ مانگدا زیاتر لە ١٠٠ کێشە و پرسی ژنانیان لە ناوەندی هزر و ڕامانی ژنان چارەسەر کردوە: "لەماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا ١٢١ پرسی ژنانمان چارەسەر کردوە، زۆربەیان کێشەی جیابوونەوە و کێشەی خێزانین. هەروەها هەندێک لە کەیسەکانمان ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار وەک دادگا، ئاسایشی ژن و دەستەی سولح کراون."
وتیشی: "٤ کەیسمان داوەتە ئاسایشی ژن، کەسیێک دراوەتە دەستەی ئاشتکردنەوە(سولح) و ٣ کەیسمان ڕەوانەی رێکخستنی ژنان لە هەرێمی ئەلشەهبا و یەکیان دراوەتە ئەنجومەنی سەربازی. دوو کەیسیتریشمان لە بەردەستە و کاری لەسەر دەکەین."
جومانا حەمید، بەرێوەبەری ناوەندی هزرو ڕامانی ژنان لەکانتۆنی عەفرین، لە کۆتایشدا وتی: "زۆربەی گرفتەکانی ژنان لەو هەرێمەدا ئەنجامی پەروەردەی چەوتی منداڵ و خێزانن، کێشەکان زیاتر پەیوەندیدارن بە کەلتور، ئەخڵاق و ویژدانەوە. کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ژنان و پیاوان باش پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی لە هەلومەرجی سەختدا لە جیاتی جیابوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی خێزان و پەرت و بڵاو بوون، هاوکاری یەکتری بکەن."
(ش ب)