سوپای تورکیا لە منبج چەکی کیمیاوی بەکار هێناوە
10:37
ژنها
منبج – سوپای تورکیا بۆ ئەوەی پێشڕەوی بکات بۆ ئەو هەرێمانەی لە ژێر دەستی شەرڤانان دان، چەکی کیمیایی دژ بە هاوڵاتیان باکوری منبج بەکار هێناوە.
ئەو کەسانەی لە گوندەکانی باکوری منبج ئاوارە بوون، باس لەوە دەکەن کە تورکیا چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو بەکاردێنێت، بەهۆی ئەو موشەکانەی تورکیا ناویەتی بە گوندەکانیانەوە چەندین کەس لەشیان سوتاوە.
دوای ئەوەی سوپای تورک و بەڕێکەوتن لەگەڵ چەتەکانی داعش شاری جەرابلوسی داگیرکرد، دەستی کرد بە هێرش کردن بۆسەر گوندەکانی باشووری جەرابلوس و باکوری منبج کە ماوەیەک بەرلەئێستا لەلایەن شەرڤانانەوە لە چەتەکان پاککراوەتەوە.
سوپای تورک هاوشانی چەتەکان چەندین گوندی ئەو دەڤەرەیان وێران کردووە، نمونەی گوندەکانی بیر عەرەب و ئەل دەندەنیە.
بەهۆی بۆردومانەکانەوە گوندنشینان ناچاربوون کۆچ بکەن، ئەوانەی ڕزگاریان بووە باس لە هێرشی دڕندانەی سەربازانی تورک و چەتەکان دەکەن.
سورەییا حەسەن یەک لە گوندشینەکانی بیر عەرەبە کە خۆی و سێ منداڵی لەو بۆردومانانەدا برینداربوون، بۆ ئاژانسی هاوار قسەی کردوە و باس لەو کاتەدا دەکات کە بۆردومانی گوندەکەیان کراوە ئەو و منداڵەکانی لە ماڵی خۆیاندا بوون و دەڵێت:" تۆپێک بەر بەماڵەکەمان کەوت خۆم و هەرسێ منداڵەکەم بریندار بووین ".
سوورەییا دەگێڕێتەوە ئەو بەچاوی خۆی بنیویەتی کە دوو گوندنشین ژیانیان لەدەستداوە.
کەسێکی دیکە کەلە گوندی ئەل دەندەنیە ناچاربووە جێ و واری خۆی جێبهێڵێت بەم شێوەیە باس لە هێرشی تورک و چەتەکان دەکات:" تۆپێکی سوپای تورک بەر ماڵەکەمان کەوت، پێش ئەوەی ماڵەکەمان بسوتێت، خۆم و خوشک و براکانمان بەپەلە خۆمان ڕزگارکرد، بەهۆی ئەو تۆپبارانە دەست و قاچمان سوتایەوە و ڕشاینەوە".
کەسێکی دیکە بەناوی هویدا موستەفا وەها باس لەو تۆپارانە دەکات:" ماڵەکەمان تۆپێکی بەرکەوت، ئەو کاتەدا ئێمە لە دەرەوە بووین، کاتێک چووینە ماڵەوە سەرمان سوڕما، بینیمان ماددەیەکی ژەهر کەوەک ڕۆنی زەیت وابوو لەماڵەکەماندا بڵاوببوەوە، لەو کاتەدا قاچمان سوتایەوە ".
بەپێی قسەی شایەتحاڵان و ئەو ڕاپۆرتانەی لە هەرێمەکەوە گەیشتوون، ئاشکرا دەبێت کە تورکیا، بەهۆی شکستەکانیەوە لەبەرامبەر شەرڤانان کە نەیتوانیەوە گوندەکانی ئەو دەڤەرە داگیربکات، چەکی کیمیایی و قەدەغەکراوی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بتوانێت پێشڕەوی بکات لە هەرێمەکەدا.
(ش ب)