بوشرا عەلی: ڕووداوی جەرابلوس و منبج دووبارە بوونەوەی شەڕی مەرجی دابیقە
09:54
ژنها
سلێمانی – بوشرا عەلی ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا بە داگیرکردنی خاکی سوریا دەیەوێت خەونی سەدان ساڵەی عوسمانیەکان بەدیبێنێت.
بوشرا عەلی ئەندامی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد،(ڕێپاک)، لەسەر هێرش و کۆمەلکوژیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر شارەکانی منبج و جەرابلوس هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد.
ناوبراو وتی: " سەرەتا ئەو رووداوانەی لە منبج و جەرابلوس مایەی شەرمەزار کردنن، هیچ کاتێک قبوڵ ناکرێن، ئەمانە ڕووداو گەلێک نین کە بە شێوەیەکی ئاسایی لێیان بڕوانین، بۆیە دەێت هەڵسەنگاندنی باشی بۆ بکەین. وەک دەزانرێت ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا شەڕی مەرجی دابیق هەیە کە بەهەمان شێوە لە باکوری حەلەب ڕوویدا، لە ٢٤ ی ئابی ١٥١٦دا هەمان داگیرکەری عوسمانیەکان لەسەر وڵاتی شام جێگەی باس بوو، لەو کاتیشدا چەندین داگیرکەری ڕووبەڕووی گەلانی ناوچەکە بوونەوە. ئەو کات گەلانی ناوچەکە بە هەموو پێکهاتەکانەوە لەناو ژیانێکی ئارام دەژیان، بەڵام داگیرکەری عوسمانیەکان دەبێتە هۆی دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی لەو ناوچەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. لە ساڵوەگەری داگیرکەری پێش پێنجسەد ساڵ دەیانەوێت هەمان سەردەم لە ژێر دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دووبارە بکەنەوە و شا سەلیمی یەکەم لە کەسایەتی خۆیدا بژیێنێتەوە و خۆشی وەک سوڵتانی سەردەم دەربخات.
هەروەها جەختیشی کردەوە: "نابێت ئەو داگیرکەریە بە ڕووداوێکی بەرێکەوت لەگەڵ ئەو مێژووەدا ببینین، بەڵام دەتوانین ئەو ڕاستیەش بخەینە ڕوو هەرچەند مێژوو خۆی لە شێوە دووبارە بکاتەوە، بەڵام کوردان هەمان کوردی پێشان نین، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەسەردەمی ئەو کات ناژین. "
بوشرا عەلی وتیشی: "ئەوەی جێگەی داخە کۆمەڵکوژیەکانن، بەتایبەتیش بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکرا و ماددەی کیمیاویی لە بەرامبەر هاوڵاتیان، لەلایەکیتریشەوە بێدەنگی ڕایی گشتی لە ئاستی ئەو تاوانانە."
لە بەشێکیتری وتەکانیدا بوشرا عەلی ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی ئەو هێرشە سەرنەکەوتنی پڕۆژەی کۆنفیدراسیۆنی گەلانە و وتی: "ئەو حسابانەی ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر پێکهاتن، لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا پێکنایەن، ئامانجی یەکەم لە هێرشانەدا گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی باکوری سوریان. دەتوانین زۆر بە ڕاشکاوی جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئامانج لەو هێرشە سەنەکەوتنی پڕۆژەی کۆنفیدراسیۆنی گەلانە لە باکوری سوریا، چونکە ئامانجی ئەو پڕۆژەیە یەکخستنی گەلانە، بۆیە دەبینین ئەوانەی دەکرێنە ئامانج هەر کورد نین. ئامانجی دووەمینیان گەیشتنە بە حەلەب و دواتریش بەرێگەی حەلەبەوە هەموو سوریا و ئەوان تەنیا بە حەلەبەوە سنوردار نامێننەوە، دەیانەوێت خەونی عوسمانیەکان کە دیارکردنی سنورەکانی (میساقی میلیە) پێک بێکبێنن. مەترسی تەنیا لەسەر کوردان نیە، بەڵکو هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە لە ژێر مەترسیدان."
بوشرا عەلی ئەندامی پەیوەندیەکانی ژنانی کورد(ڕێپاک)، لە کۆتایشدا ئێمە وەک ڕێپاک، بە توندی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەین، بانگەوازی ئەوەش لە هەموو گەلان، ناسنامە و پێکهاتەکان دەکەین کە ببن سنورێک لە ئاگر، بەتایبەتیش بانگەوازی ئێمە بۆ ژنانە، چونکە دیسان ژنانن قوربانی یەکەمی ئەو کۆمەڵکوژیانە."
(ش ب)