گەلانی رۆژئاوا دژ بە داگیرکەری لە سەرپێن

10:02

ژنها

کۆبانێ- قامیشلۆ – پاش بەزاندنی سنوور و داگیرکردنی زیاتر لە ٢٠ مەتر لە خاکی کۆبانێ لە لایەن سوپای تورکیاوە، جەماوەری کۆبانێ و قامیشلۆ ڕژان شەقامەکان و کاردانەوەی توندیان پیشاندا.

دوای هێرشی سەر گوندەکانی سەر بە منبج، سوپای تورکیا لە نزیک سنووری مورشد پنار هەڵکەوتوو لە نێوان کانتۆنی کۆبانێ و باکوری کوردستان دەستی کردوە بە دروستکردنی دیوار بۆ جیاکردنەوەی دوو پارچەی کوردستان، سوپای تورکیا ماوەی دوو ڕۆژە بارهەڵگری گەورەی پڕ لە چیمەنتۆی بردووەتە سەر سنوور و هەوڵی دروستکردنی دیوارێک دەدات.

لەبەرامبەردا خەڵکی خۆڕاگری کۆبانێ بەهەموو پێکهاتەکانیەوە، لە کورد، عەرەب، مەسیحی و تورکمان دژی داگیرکاری سوپای تورکیا لە ڕۆژی یەکشەممەوە بەرەوە سنوورەکان بەڕێکەوتوون، کاسبکاران نەچوونە سەر کارەکانیان و دوکاندارانی شارەکەش دووکانەکانیان داخستووە و چوونەتە سەر سنوورەکان، خۆبەرێوەبەری دیموکراتیش لەناو خەڵکەکەدایە.

جەماوەر بە دروشمی شەرمەزارکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک لە سەر سنور کۆبونەوەتەوە و دەستیان بە ئێشک گرتن کردووە بۆ ڕێگری کردن لە سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی کۆبانێ.

هاوکات هەر دوێنێ لە شاری قامیشلۆ بە هەزاران هاوڵاتی لە دژی داگیرکەری سوپای تورکیا ڕژانە سەر شەقام و هاولاتیان ئاڵای ٣٠ مەتری تەڤدەمیان بەرزکردەوە و ئیدانەی داگیرکەری سوپای تورکیا و کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانیان کرد.

(ش ب)